04/09/2022 339 جار خوێنراوەتەوە

نالی لە کتێبی (پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا)

سەڵاح سالار

پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا، نوێترین کتێبی نووسەر کاک کامەران سوبحانە و ڕۆژی 27ی ئابی 2022 لە کۆڕێکدا کە منیش ئامادەی بووم، ئەم بەرهەمی خستەڕوو.
وێڕای دەستخۆشییم لە نووسەر، کە بەرهەمەکەی بە زمانێکی پاراو و جوان نووسیوە و دەمانباتەوە سەردەمی پیرەمێرد.
من هەندێ تێبینییم لەسەر کتێبەکە هەیە و تەنیا ئەوەی پەیوەندیی بە شاعیری گەورە (نالی)یەوە هەیە دەخەمە ڕوو.

چیرۆکی ژمارە سیی و پێنجەمین
نووسەر لە لاپەڕە 202ی کتێبەکەیدا و لە چیرۆکی ژمارە سیی و پێنجەمدا ئەم بەسەرهاتەی بۆ نووسیوین:
دۆزینەوەی گەنجینەیەکی گەورەی دەستنووس
(ڕۆژێک یەکێک لە کتێبفرۆشە دێرینەکانی شار، دێتە لای حاجی تۆفیقی پیرەمێرد، ... ئەوەی لە قسەکانی ئەم کتێبفرۆشەدا زۆر جێگەی بایەخی حاجی تۆفیقە، باسکردنی دەستنووسەکانی نێو باوەڵەکە و ئەو ژوورەیە، کە ئەو ڕۆژگارە عەبدولڕەحمان پاشای بابان دابووی بە مەلا خدری نالی کە تێیدا بمێنێتەوە.).
ئەم کتێبە بیریتییە لە چل چیرۆک کە نووسەر بە خەیاڵدانی خۆی دروستی کردوون و جوان و نایاب دایڕشتنوونەتەوە و نزیکی کردوونەتەوە لە واقیع.
ئەگەرچی ئەم چیرۆکانە خەیاڵیین، بەڵام دەبێت کۆمێنتمان لەسەری هەبێت و هەڵەی مێژوویی ڕاست بکەینەوە، چونککە نووسەر هەوڵی داوە هاوڕێ و هاوچەرخەکانی سلێمانی بخاتە نێوانی جیهانی چیرۆکی خەیاڵیی و بەسەرهاتی ڕاستەقینەی مێژوویی و ئاوێزانیان بکات.

سەرنجەکەی من و ئەم کتێبە
مەلا خدری نالی بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەردەستی ئێمە زۆرترین ڕا لەسەر ئەوەیە ساڵی 1800 لە گوندی خاکوخۆڵ لەدایکبوو، بە بەڵگەشەوە ڕۆژی 23\11\1877 لە ئەستەنبووڵ کۆچی دوایی کردووە و لەوێ گۆڕغەریب بووە.
عەبدولڕەحمان پاشای کوڕی مەحموود پاشای یەکەم، ئامۆزا و زاوای ئیبراهیم پاشای بابانە، کە بونیادنەری شاری سلێمانییە،
سەرچاوەکان دەڵێن: ساڵی 1750 لەدایکبووە و ڕۆژی 19\4\1813 کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتی گەورەی سلێمانیی بەخاک سپێردراوە.
کەواتە کۆتای ڕۆژی ژیانی عەبدولڕەحمان پاشای بابان حساب بکەین هێشتا ئەوکاتە نالی تەمەنی 13 ساڵ بووە و فەقێ بووە، دیارە نالیی لە قەرەداغ و سنە و هەڵەبجە و کۆتاجار لە سلێمانی فەقێ بووە.

نالی لەو تەمەنی 13 ساڵییەدا نە لە سلێمانی بووە و نە ئەوەندەش ناووبانابگی هەبووە تا میری گەورەی بابان بیناسێت و لە مزگەوتەکەی خۆی ژوورێکی پێشکەش بکات.

نالی لە سلێمانی لە سەردەمی سلێمان پاشای کوڕی عەبدولڕەحمان پاشای بابان و ئەحمەد پاشای کوڕی سڵێمان پاشادا ژیاوە و بە شیعرە بەناوبانگەکەشی:

تا فەلەکە دەورەی نەدا سەد کەوکەبی ئاوا نەبوو،
کەوکەبەی میهری موبارەک تەڵعەتی پەیدا نەبوو.

نالی لەم شیعرەدا کۆچی دوایی سلێمان پاشا و وەرگرتنی دەسەڵاتی بۆ ئەحمەد پاشای بابان دیاری کردووە.

بۆیە ناگونجێت فەقێ خدرێک لەو شارەزوورە و هێشتا نەبووەتە نالیی و لە سەرەتای خوێندنی فەقێیەتیدایە و جارێ شۆرەت و ناوبانگی پەیدا نەکردووە، هاتبێتە سلێمانیی و عەبدولڕەحمان پاشای بابان ژوورێکی لە مزگەوتەکەی خۆی پێ بدات، کە ئەوکاتە پاشا خۆی پێشنوێژ و تەنانەت مودەڕیسی مزگەوتەکەی خۆی (مزگەوتی سەید حەسەن) بووە.

ڕاستە چیرۆکەکەی نوسەر خەیاڵییە نەک واقیع، بەڵام دەبوو چیرۆکەکەی بۆ سڵێمان پاشای بابان بگێڕایەتەوە، چونکە لەسەردەمی ئەودا لە سلێمانی ژیاوە و لەسەردەمی ئەحمەد پاشای بابانیش سلێمانیی بەیەکجاریی بەجێهێشت.
دەستخۆشییم بۆ برای بەڕێزم نووسەر کاک کامەران سوبحان بۆ بایەخدانی بە کولتوور و مێژووی کورد و شاری سلێمانیی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 24/12/2024

    پەیوەندی نێوان ئیسلام و ئەدەب چییە

  • 21/11/2023

    رووانینی تەڵعەت تاهیر بۆ ئەدەبیات چییە؟

  • 18/05/2023

    غەزەل لە شیعری ئەمڕۆی هەورامیدا

  • 27/12/2022

    خدر کۆساری کێ بوو؟

  • 22/12/2022

    ئایا هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) شیعری (نالی)یە، یان (کوردی)

  • 03/12/2022

    ڕۆمانی شازاده‌ و شاعیر یان باخێك له‌ گوڵی ژاكاو

  • 13/10/2022

    کێشمە کێشی مەولود لە نێوان زانایانی دوێنێ و ئەمڕۆماندا

  • 12/10/2022

    مانگی مەولود، کایگەریی ناوی پێغەمبەر لەسەر ناونان لە کوردەواریدا

سەرەتا