03/12/2022 532 جار خوێنراوەتەوە

هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەی نێوان هاوسەران


هۆکاری زۆربوونی کێشەکانی ناو خانەوادەی کوردی زۆرن و زۆرینەشیان چارەسەریان هەیە! هۆکارەکان دوو ئاستییان هەیە!

هۆکارە بنەڕەتییەکان؛ ئەو هۆکارانەن کە کاردەکەنە سەر تێڕوانین و تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانی تاک و دەبنە بەشێک لە کەسییەتی و سەرچاوەن بۆ ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی!

دووەم هۆکارە بەرچاو و دیارەکان؛ ئەو هۆکارانەن کە ئێمە ڕؤژانە دەیانبینین و بە هۆکاری کێشەکانیان دەزانین، بەڵام لە ڕاستیدا هەموویان سەرچاوەیان هۆکارە بنەڕەتییەکانە!
ئێمە لەم بەشەدا تەنها هۆکارە بنەڕەتییەکان باسدەکەین، هەریەکەیان و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاترە، ئێمە بە کورتی ئاماژەمان بۆ کردوون:

یەکەم: ژن و پیاو لە دوو کلتور و پەروەردەی جیاوازەوە دێن؛ زۆرجار لە لایەن دایبابەوە فێرنەکراون کە ئەو جیاوازییانە قبوڵبکەن. دەرئەنجامیش لەیەکتری تێناگەن و جیاوازییەکان دەبنە کێشە.

دووەم: جیاوازی بنەڕەتی هەیە لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێدا؛ بەشێوەیەک کە لە بیرکرنەوە، هەست وسۆز، تێڕوانین، دونیابینی، پێداویستییەکان .. جیاوازی گەورە هەیە لەنێوان پیاو و ژن، تێنەگەیشتن لەم جیاوازییە و مامەڵەکردن بە ئاڕاستەی یەکسانی نێوانیان کێشەکانیان قوڵتر دەکاتەوە. ژن و پیاو دەبێت یەکتری تەواوبکەن نەک وەکو یەک مامەڵە بکەن.
سێیەم: ژیانکردن گۆڕاوە؛ خێرابوونی گۆڕانکارییەکان و زۆربوونی پێداویستییەکانی تاک و خێزان کاریگەری گەورەی هەیە. ئەمە هۆکارێکی کاریگەرە وادەکات کە تاکی ئەمڕۆ و دوێنێ جیاوازبێت، بەڵام مامەڵەکە وەکو دوێنێ دەکریت، بۆنمونە کوڕێک دەیەوێت ژنەکەی بەوشێوەبێت کە دایکی بۆ باوکی کردویەتی، بەڵام کچەکە دەیەوێت وەکو هاوڕێکەی یان ئەکتەری ناو فلیمەکە بێت کە چۆن ژیان دەکات. تێنەگەیشتن و مامەڵەی ناتەندروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە دەرئەنجامەکانی کێشەیە.

چوارەم: باوەڕی هەڵەی گشتی چەسپاوی ناو کۆمەڵگە: بۆنمونە کە ئافرەت بە کەسێکی عاتفی و کەمئەقڵ سەیردەکرێت و پیاویش بە بێهەست و توند سەیر دەکرێت، ئەم تێڕوانینە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر سەیرکردنی هاوسەران بۆ یەکتری و بەوشێوە مامەڵە دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە هەڵەیە و ڕاستی نییە. هەندێکجار ئەم باوەڕە هەڵانە گرێی دەروونی کۆمەڵی دروستدەکەن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت.

پێنجەم: مەژغوڵبوونی هەردوو ڕەگەز: بەهۆی ئەو مەژغوڵبوونە زۆرەی مرۆڤی سەردەم هەیەتی بەتایبەت کە زۆربەی کاتەکانی بە سەیرکردنی شاشەوە بەسەردەبات! وادەکات کاتیان بۆ پەیوەندی هاوسەری کەمببێتەوە و نەتوانن کات بۆ خۆیان و کێشەکانیان دابنێن. بەتایبەت کە لە ئێستادا ئافرەتان کاردەکەن و پیشەیان هەیە، ئەمەش ماندوبونیان بۆ دروستدەکات و ئەرکێکی زیاترە لەسەر ئەرکەکانی ماڵەوە.
ئەوە هۆکارە بنەڕەتیییەکانە و ڕەگی کێشەکانە، هۆکارەکانی وەکو کێشەی ئابوری، خۆتێهەڵقورتاندنی کەسوکاری هەردوولا، کێشەی منداڵان، لاوازی سێکسی، توڕەیی، ... هۆکارە بەرچاو و دیارەکانە کە ئێمە دەیبینن و زۆرینەی لە ڕەگەکەوە سەرهەڵدەدات.

ئاماژەکردن بە هۆکارە بنەڕەتییەکان و زانینیان گرنگییەکەی لەوەدایە کە بۆ داهاتوو نەوەکان وا پەروەردە نەکەین و ئاڕاستەی پەروەدەییمان بگۆڕین، هەروەها کاتێک کە کێشەیەک دێتە پێشەوە بزانین کە ئەم هۆکارانەی لە پشتەوەن کە زۆرجار تاک قوربانییە نەک تاوانبار!

د. جەعفەر عومەر
پزیشکی پسپۆری دەروونی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 06/05/2024

    پزیشکێکی پسپۆڕی دەرونی: تۆ دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە خۆکوژی

  • 25/03/2024

    چۆن هاوکاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی بکەین؟

  • 11/02/2024

    رێنمایی بۆ خەوێکی تەندروست

  • 23/08/2023

    چۆن منداڵەکانمان بپارێزین لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان

  • 20/07/2023

    چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت؟

  • 12/06/2023

    زیاترله‌ سێیه‌كی گه‌نجانی‌ ئه‌ڵمانیا توندوتیژییان دژی‌ ژنان ئه‌نجامداوه‌

  • 09/01/2023

    چۆن مامەڵە لە گەڵ منداڵان لە قۆناغی باخچەی ساوایان بکەین؟

  • 03/12/2022

    ئەنجامدانى توندوتیژی دژی ئافره‌تان خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

سەرەتا