31/03/2025
733 جار خوێنراوەتەوە
سێ ئیسپانی بە سواری ئەسپ ماوەى 5 مانگە بەمەستى ئەنجامدانی حەج بەڕێکەوتوون
پەیام
ئەو سێ هاووڵاتییە ئیسپانییەی بڕیاریان داوە بە ڕێگەی سواریی بچنە حەج لەئێستادا گەیشتوونەتە شاری قۆنیا لە ناوەڕاستی توركیا و لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
سێ كەس لە ئیسپانیاوە بڕیاریان داوە بۆ ئەنجامدانی حەج ڕێگای وشكانی بگرنە بەر و بە ئەسپ گەشتەكەیان ئەنجام بدەن، دوای نزیكەی پێنج مانگ لەمەوبەر كە وڵاتەكەیان بەجێهێشت ئێستا گەیشتوونەتە شاری قۆنیا لە نێوەڕاستی توركیا.
هەر یەك لە (عەبدوڵڵا هێرناندێز، عەبدولقادر هەرقاسی و تاریق ڕۆدریگێز) نزیكەی پێنج مانگ لەمەوبەر لە ئیسپانیاوە بە ئەسپ بەڕێكەوتن بۆ گەشتێكی سەخت تاوەكو بگەنە مەككەی پیرۆز.
لە ماوەی گەشتەكەیاندا كە هەشت هەزار كیلۆمەترە، زیارەتكاران ئامانجیان ئەوەیە بگەنە سعودیە دوای تێپەڕین بە 13 وڵاتدا. یەكێك لە زیارەتكاران ڕایگەیاند: تا ئێستا چوار هەزار و 500 كیلۆمەتر لە گەشتەكەیان بڕیوە.
ئەو وتیشی: پلانمان وایە تا كۆتایی مانگی ئایار بگەینە شاری مەككە و ڕۆژانە بە سواری ئەسپ مەودای 40 كیلۆمەتر ببڕین.
ئەم گەشتەی ئەو سێ حاجییە زیندووكردنەوەی نەریتی ئەندەلوسییە كە پێشتر حاجیەكان بە وشتر و ئەسپ دەچوونە ماڵی پیرۆزی خودا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە