2 کاتژمێر پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
ئەو كەشتییە تایلەندییەی لە هورمز بە ئامانج گیرا بووەتە جێی یاریی منداڵان
پەیام
دیمەنی ئەو كەشتییە تایلەندییە بڵاو كرایەوە كە دوای بە ئامانجگرتنی لە گەرووی هورمز ئێستا لە دوورگەیەكی ئێران بێ كەڵك لەنگەری گرتووە و بووەتە جێی یاریی منداڵان.
كەشتی بارهەڵگری مایۆری ناری كە بە ئاڵای تایلەندەوە لە میانی جەنگی نێوانی ئێران و ئیسرائیل-ئەمریكا لە نزیك گەرووی هورمز بە مووشەك هێرشی كرایە سەر، لە نزیك دوورگەی قشم ماوەتەوە.
كەشتییەكە ڕۆژی 11ی مانگی سێی ئەمساڵ و دوای كەمتر لە دوو هەفتە لە هێرشی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ئێران لە كاتی بەڕێكەوتنی لە ئیماراتەوە بەرەو هیند لە 50 مایلی نزیك كەناراوەكانی دوبەی بە ئامانج گیرا و دوای پێكانی بەرەو قشم ڕاكێش كرا. كەشتییە بارهەڵگرەكە ئێستا بە تەواوی بێ كەڵك بووە.
لاشەی كەشتییەكە لە نزیك 30 مەتری كەنارئاوەكانی قشمە و بە وتەی بەرپرسانی ئێران، تا ئێستا هەوڵ نەدراوە كۆ بكرێتەوە، یان بگوازرێتەوە.
بوونی كەشتییەكە وەك مەترسییەك دەبینرێت و تەنانەت منداڵانیش وەك شوێنی یاریكردنی بەكاری دەهێنن.
هەر دوابەدوای هێرشی هێزی دەریایی ئێران بۆ سەر كەشتییەكە كۆمپانیای باری دەریایی تایلەند ڕایگەیاند كە لە ڕووداوەكەدا سێ كەشتیوانیی بێسەروشوێن بوون، دواتر لەسەر زاری وەزیری دەرەوە كوژرانی سێ كەشتیوانەكە و ڕزگاركردنی 20 ئەندامی دیكەی سەر كەشتییەكە ڕاگەیەنرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە