6 کاتژمێر پێش ئێستا
239 جار خوێنراوەتەوە
بە مووشەک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی کەرکووک و گوللە هاوەنێکیش بەر ماڵێک کەوت
بە سێ مووشەک فڕۆکەخانەی کەرکووک کراوەتە ئامانج و هاوکات گولەهاوەنێکیش بەر ماڵێک لە گەڕەکی عروبەی شارەکە کەوتووە.
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە، "کاتژمێر ١١:٣٠ خوولەکی ئەمشەو، سێ مووشەک لەسەرچاوەیەكی نادیارەوە کەوتنە خوارەوە، دوو دانەیان لە لایەنی سەربازیی و یەکێکیان لە لایەنی مەدەنی (فڕۆکەخانەکە) كەوتنە خوارەوە".
ئیدارەی فڕۆکەخانەکە ڕاشیگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکەوە و ئاگر کەوتووەتەوە و ئاگرەکەش لەلایەن كارمەندانی ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکوک كۆنتڕۆڵكراوە.
بە پێی ئەو ڕاگەیاندراوە، لە ئاکامی ئەو هێرشە مووشەکییە كارمەندێكی فڕۆكەخانە بەسووکی برینداربووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ زیانێکیش بە ڕێڕەوی فڕۆكەكان نەگەیشتووە و کاریگەرییان لەسەر نەبووە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك ڕاشیگەیاندووە کە "هیچ مەترسییەک لەسەر فڕۆکەخانەکە نییە، ڕووداوەکەش کاریگەری لەسەر گەشتەکان نابێت".
هاوکات، گوللە هاوەنێک کە سەرچاوەکەی تا ئێستا نەزانراوە، بەر ماڵێک لە گەڕەکی عروبەی کەرکووک کەوتووە.
هێزە ئەمنییەکانی شارەکە دەستبەجێ گەیشتوونە شوێنی ڕووداوەکە و بە پێی زانیارییە بەراییەکان ئەو ڕووداوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستی پێکردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە