7 کاتژمێر پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
مەشهەدانی بۆ گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گەیشتە هەولێر
پەیام
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆسیەی هەڵبژاردن، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسروور بارزانی كۆ بووەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازییان لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد. زیاد جەنابی، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراقیش لەناو شاندەكەی عێراقدایە.
پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "سەردانەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكاندایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی هەولێر لەسەر دۆسیە هاوبەشەكان، كاراكردنەوەی كاری هاوبەشی لەنێوان هەرێم و ناوەند و چارەسەركردنی كێشەكان".
هەروەها دەڵێت "گفتوگۆكردن لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق" تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی مەشهەدانی و بەرپرسانی هەرێم دەبێت.
پاش گەیشتنی، مەشهەدانی لە یەكەم وێستگەدا لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسرچووی هەرێم كۆ بووەوە.
حكومەت ماوەبەسەرچوو دەڵێت "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەك بابەتی مووچە، تێكەڵ بە هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باجی ئەو ناكۆكییانە بدەن و پێویستە لە زووترین كاتدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت".
حكومەتی هەرێم دەشڵێت "گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بەردەوامن، بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، كێشەكە چارەسەر بكرێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە