4 کاتژمێر پێش ئێستا
107 جار خوێنراوەتەوە
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەكەی تەكساس بۆ 82 كەس بەرزبووەوە
پەیام
ژمارەی ئەو كەسانەی لە لافاوەكەی تەكساسدا گیانیان لەدەست داوە بۆ 82 كەس بەرز بووەوە و دەیان كەسیش بریندارن.
بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەیەی ڕۆژی هەینی لەناكاو دەستی پێ كرد، ئاوی ڕووباری گوادالوپ لە ویلایەتی تەكساس تا هەشت مەتر بەرزبووەتەوە. ئەمەش بووە هۆی زیانێكی گەورەی گیانی و ماددی لەو سنوورە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن سەرچاوە ناوخۆییەكان لە تەكساس بڵاو كراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە كارەساتی لافاوەكەی چواری تەمووزدا گیانیان لەدەست داوە، بۆ 82 كەس بەرز بووەتەوە. هێشتا 41 كەسیش بێسەروشوێنن.
بەشێك لە قوربانیەكان ژمارەیەك قوتابیی كچن كە بەشداربوون لە خێوەتگەیەكی هاوینە. بە وتەی بەرپرسانی ئەو چالاكییە شوێنی خێوەتگەكە بە شێوەیەكی سامناك وێران بووە. بەرپرسانی كەشوهەوای ناوچەكەش هۆشداریی ئەوەیان داوە مەترسیی دووبارە ڕوودانەوەی لافاو هەیە.
بەرپرسانی ناوچەكە باس لەوە دەكەن كە تا دۆزینەوەی تەواوی بێسەروشوێنەكان هەڵمەتەكانی گەڕان و ڕزگاركردن بەردەوام دەبن.
بەهۆی كارەساتی لافاوەكەی تەكساس، سەرۆكی ئەمریكا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە بەو هۆیەی كە بودجەی دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی بە شێوەی بەرچاو كەم كردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن فریای لێقەواماون بكەون، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند: كارەسات هەر 100 ساڵ جارێك ڕوو دەدات و كەس پێشبینیی ناكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە