7 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
ئێران ئامادەیی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا ڕاگەیاند
پەیام
ئێران ئامادەیی بۆ گەڕانەوەی بۆ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن ڕاگەیاند، بەڵام بەبێ ئەوەی پاشەكشە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بكەن.
لە وتەیەكیدا لە میانی كۆبوونەوەی دیبلۆماتكاران و هاوتا بیانییەكانی لە تاران، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئامادەی ڕاگرتنی چالاكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بەو پێیەی بە سەركەوتوویی لە جەنگ دەرچوون، بۆیە لە دانوستان ناترسن.
وتیشی: ئێران چەندین پەیامی ناڕاستەوخۆی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەلایەن واشنتۆنەوە پێ گەیشتووە و گرەنتیشی وەرگرتووە كە دانوستانەكان بۆ ململانێی سەربازی نەگۆڕدرێت.
عەراقچی ڕەتیشی كردەوە دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵگرن و وتی: هیچ ڕێككەوتنێك قبوڵ ناكەین كە دان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئێران نەنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی كردەوە دانوستانەكان دەبێت سنووردار بكرێن بۆ گرەنتیكردنی مافی ئەتۆمیی بۆ ئاشتی لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆكان، وتیشی: ئێمە دانوستان لەسەر توانا مووشەكی و بەرگرییەكانمان ناكەین وەك ئەوەی ئەمریكا داوای دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە