16 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
لە مانگی ڕابردوودا زیاترلە 5800 منداڵى غەززەیی تووشی بەدخۆراكی بوون
پەیام
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیسێف) ڕایگەیاند: مانگی شەشی ڕابردوو زیاتر لە پێنج هەزار و 800 منداڵ لە كەرتی غەززە تووشی بەدخۆراكی بوون.
یونیسێف لە ڕێی تۆڕی ئێكسەوە بڵاوی كردەوە، زیاتر لە 5 هەزار و 800 منداڵ لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە غەززە تووشی بەدخۆراكی بوون، لەو ژمارەیە هەزاریان ڕووبەڕووی بەدخۆراكی زۆر تووند بوونەتەوە و ژیانیان لە مەترسیدایە، هەر وەك پێشبینی كردووە بۆ چوارەم مانگی لەسەریەك ژمارەكە ڕوو لەزیادبوون بكات.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا یونسێف بە پێویستی دەزانێت دەستبەجێ هاوكارییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان بگەیەنرێت بە تەواوی كەرتەكە.
قەوارەی زایۆنی لە دوای دەستپێكردنی جەنگ، گەمارۆیەكی توندی خستوەتە سەر كەرتی غەززە و لە دوای شكاندنی ئاگربەستیش ڕێگری تەواو لە گەیشتنی هەر بڕە خۆراكێك بە كەرتەكە دەكات، لە ئێستاشدا زیاد لە ملیۆن و نیوێك هاووڵاتی كەرتەكە ئاوارەن و بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.
پێشتریش، ڕێكخراوی ئۆنروا هۆشداری دابوو لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی بەدخۆراكی لە غەززە و ڕایگەیاند: لە ئێستادا كارمەندانی تەندروستی ناچارن نەخۆشە سەختەكان، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی كە تووشی بەدخۆراكی بوون، بۆ چارەسەر پێش بخەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە