11 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
شاندی ئیمڕاڵی و دەمپارتی سەردانی جەهەپە، مەهەپە و پارتی ئایندە دەكات
پەیام
شاندی ئیمڕاڵی و دەمپارتی جارێكی دیكە سەردانەكانیان دەست پێ دەكەنەوە و لەم هەفتەیەدا سەردانی جەهەپە و مەهەپە و پارتی ئایندە دەكات.
بڕیارە سبەی سێشەممە شاندی ئیمڕاڵی و پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەمپارتی" سەردانی پارتی ئایندە بكات و لەگەڵ "ئەحمەد داودئۆغلوو، سەرۆكی ئەو پارتە" كۆببێتەوە، پاشانیش سەردانی بارەگای سەرەكیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" دەكەن و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی كۆدەبنەوە، كە ناوبراو دەستپێشخەری ئەم گەڕەی دانوستان و گفتوگۆی ئاشتییە لە توركیا و باكووری كوردستان.
بەپێی كارنامەی دەمپارتی، ڕۆژی چوارشەممەش شاندی ئیمڕاڵی سەردانی پارتی گەلی كۆماری دەكەن كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا و لەگەڵ "ئۆزگور ئۆزێل" سەرۆكی جەهەپە كۆدەبنەوە.
ئەم گەڕەی سەردانەكانی دەمپارتی بۆلای پارتەكانی توركیا، دوای هەنگاوی سیمبولیی چەكدانانی گرووپێك لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"یە، هاوكات پاش وتاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیایە كە جەختی لە برایەتیی نێوان تورك و كورد و عەرەب كردەوە و دڵنیایی دا لەوەی كۆمسیۆنێك لە پەرلەمانی توركیا بۆ پرۆسەكە دروست دەكرێت.
بەرپرسانی دەمپارتی ڕایدەگەیەنن، دەیانەوێت لەڕێی سەردانەكانەوە ژینگەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی ساز بكات و هەنگاوەكانی توركیا لەوبارەیەوە خێرا بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە