7 کاتژمێر پێش ئێستا
204 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: پێویستە بکوژى خۆپیشاندەرەکەى وەرتێ سزابدرێت
پەیام
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئیدانەی كوشتنی خۆپیشاندەرێك لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لە وەرتێ دەكات و داوا دەكات تۆمەتبار ڕادەستی یاسا بكرێت و سزابدرێت.
لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ "بەتوندی" ئیدانەی بەكارهێنانی چەك و كوشتنی هاووڵاتییەكەی وەرتێ دەكات و دەڵێت "بە هیچ شێوەیەك نابێ دەزگای ئەمنی چەك بەرامبەر خەڵك بەكار بهێنن، چونكە ئەركیان پاراستنی سەروماڵی گشتی و هاووڵاتیانە".
هەروەها دەستەكە جەخت دەكاتەوە "پێویستە هەرچی زووە تۆمەتبار ڕادەستی یاسا و دادگا بكرێ و بە سزای خۆی بگات".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پشتیوانی بۆ "هەر داواكاری و گردبوونەوەیەك بۆ دابینكردنی مافی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكان" ڕادەگەیەنێت، جەختیش دەكاتەوە "پێویستە هەرچی زووە بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی ئەو خەڵكە بكرێ".
لە كۆتایدا جەخت دەكاتەوە وەك دەستە بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی ڕووداوەكە و بەدواداچوونی ئاكامەكانی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە