8 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
پارتى و یەکێتى جەخت لە چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە دەکەنەوە
پەیام
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیاندا پارتى و یەکێتى جەختیان لە چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە.
ئەمڕۆ 14-7-2025 له پیرمام مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و پارتی ئەنجام درا.
لە ڕاگەیەندراوێکیاندا ئاماژە بەوەکراوە "له كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ سهبارهت به ڕووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان كرا".
ئەمەش دەقى ڕاگەیەندراوەکەیە:
راگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەمڕۆ 14ی تەمموزی 2025، بەرێز سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بە تایبەت شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو رەهەندەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوو لا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستوردا بە ئاڕاستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوو بهاوێژرێن.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕینین و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.
لێرەدا کۆبوونەوە جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە