16 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی كۆ دەبێتەوە
پەیام
ڕۆژی هەینی، ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی كۆ دەبێتەوە و دانوستان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە دەكەن.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، هەینیی داهاتوو دانوستان لەبارەی پرۆسەی ئەتۆمییەوە لەگەڵ هەرسێ وڵاتی "بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا" لە ئەستەنبوڵ بەڕێوە دەچێت.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، دانوستانەكان لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوەی هەر چوار وڵات دەبێت و بەشی سەرەكیی گفتوگۆكان، چارەسەری دبلۆماسیانەو ئاشتیانەی پرسی ئەتۆمیی ئێران و ڕێگرییە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
دوێنێش عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: بە شێوازێكی بەهێزتر و تۆكمەتر لەگەڵ ئەورووپییەكان دانوستان دەكەن. جەختیشی كردەوە ئێران هەوڵ دەدات بە هێزێكی زیاترەوە لە دوای جەنگ مافەكانی بەدەست بهێنێت.
ساڵی 2015، ئێران و بەشێك لە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێككەوتنێكی ئەتۆمییان واژوو كرد، وڵاتەكانیش پێك هاتبوون لە (ئەمریكا، فەڕەنسا، بەریتانیا، چین، ڕووسیا) و ئەڵمانیا.
بەڵام ڕۆژی پێنجی ئایاری 2018، ئەمریكا لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە و جگە لەوەش، ژمارەیەك سزای ئابووری دیكەی بەسەر تاراندا سەپاند.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە