17 کاتژمێر پێش ئێستا
169 جار خوێنراوەتەوە
گروپێکى چەکدار: هێرشى سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم یەكلاكردنەوەی حساباتی هەرێم و كۆمپانیاکانە
پەیام
مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بێبەریبوونی خۆی لە هێرشە درۆنییەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم ڕاگەیاند و دەشڵێت، ئەوە یەكلاكردنەوەی حساباتی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكانە.
لە ڕاگەیەنراوێكدا دەستەی هەماهەنگیی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق دەڵێت: بۆردومانكردنی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، یەكلاكردنەوەی حساباتی نێوان كۆمپانیا نەوتییەكان و حكومەتی هەرێمە، نەك ململانێیەك لە دەرەوەی سنوورەكانی.
ئاماژەی بەوەش كردووە، مقاوەمەی ئیسلامی، بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە ڕابردوو و ئێستاشدا، هەمیشە خۆی لە هەر كردەوەیەك بە دوورگرتووە كە زیان بە بەرژەوەندیی خەڵك یان هێزە ئەمنییەكان بگەیەنێت، لە باكوور یان باشووری وڵات.
دەشڵێت: بەرژەوەندی نەتەوەیی وەك ئامانجی خوازراوی دەمێنێتەوە، پێویستە حكومەتی هەرێمیش خۆی لە هەناردەكردنی قەیرانە ناوخۆییەكانی بۆ حكومەتی ناوەندی بەدوور بگرێت.
هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەك هێرشی درۆنی كرانە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، هێرشەكان زیانی گیانییان نەبوو، بەڵام بە وتەی بەرپرسان زیانی ماددی گەورە بەر كێڵگەكان كەوتووە.
بەرپرسانی هەرێم ئەم هێرشانەیان بە تیرۆرستی لە قەڵەم دا و ڕایانگەیاند، بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە