8 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
وڵاتی ئیستۆنیا سەرجەم سەربازەكانی لە عێراق و هەرێم دەكشێنێتەوە
پەیام
میدیاكانی ئیستۆنیا بڵاویان كردووەتەوە، هانۆ پێڤكۆر، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، لە چەند مانگی داهاتوودا سەرجەم سەربازەكانیان لە عێراق دەكشێننەوە كە ژمارەیان 80 كەسە.
پێڤكۆر وتوویەتی: كشانەوەی سەربازەكانمان لە عێراق مانای ئەوە نییە لەمەودوا بەشداریی هیچ چالاكیەكی سەربازیی دەرەوەی سنوورەكانی خۆمان ناكەین، بەڵكو هێزەكانمان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا چالاكن و لە هەر شوێنێك پێویست بێت بەردەوام دەبن.
ئەو دەڵێت: گرنگە بەلامانەوە لەگەڵ هاوپەیمانان بین و ئامانجیشمان ئەزموون پەیدا بكەین، ئاسایشی نێودەوڵەتییش بە بەشێك لە ئاسایشی نیشتیمانیی ئیستۆنیا دەزانین.
ئیستۆنیا وڵاتێكی ئەورووپیی بچووكە و هاوسنووری ڕووسیا وفینلەندا و لاتیڤیا و سویدە، كەوتووەتە سەر دەریای "بەڵتیق" و ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە.
لە ساڵی 2023ـەوە كاروانێكی هێزی سەربازیی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان و لە بنكەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر جێگیری كردوون.
بەپێی میدیاكانی ئیستۆنیا، ئەفسەر و سەربازانی ئەو وڵاتەی ناتۆ ئەركیان پاراستنی بنكەی سەربازیی هاوپەیمانێتییەكە بووە لە هەولێر، هەروەها بەشێك لە ئەركەكانیان پاراستنی كەسایەتی و میوانەكان بووە كە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هاتوچۆیان كردووە یان ئەو ڕاوێژكارانەی هاوپەیمانان كە بۆ كاری پێویست چوونەتە دەرەوەی بنكەكە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە