11 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
مانگی داهاتوو یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی سووریا دوای ڕژێمی ئەسەد بەڕێوەدەچێت
پەیام
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە سووریا ڕایگەیاند، پێنجی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەڕلەمان بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی لیژنەكە، بڕیاریان داوە ڕۆژی پێنجی ئۆكتۆبەری داهاتوو، وادەی بەڕێوەچوونی دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل لە زۆرینەی پارێزگاكانی سووریا.
ئەمە یەكەم هەڵبژاردنی سووریایە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، 27 ی ئابی ڕابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا مەرسوومێكی سەرۆكایەتیی دەركرد و سیستمی كاتیی هەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی گەل پەسەند كرد، كە خۆی سێیەكی ئەندامەكانی دیاری دەكات و دوو لەسەر سێیشی لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن.
پێشتر بڕیاربوو لەم مانگەدا هەڵبژاردنەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەكارییەكانەوە پرۆسەكە بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.
هەرچی دەربارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆژئاوای كوردستانە، پێشتر ڕایانگەیاندووە، كە سەرنجی جددیان لەسەر چۆنێتیی هەڵبژاردنەكە و یاساكان و فرەڕەنگیی لایەنەكان هەیە، هەر بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا ناكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە