2 رۆژ پێش ئێستا
238 جار خوێنراوەتەوە
لە سێ مانگی ڕابردوودا لە بەریتانیا هێرشكراوەتە سەر 22 مزگەوت
پەیام
ڕێكخراوی ( تێل مام)ی تایبەتمەند بە بواری تاوانەكانی ڕقلێبوونەوە لە موسڵمانان لە وڵاتی بەریتانیا ئاشكرایكرد، بەهۆكاری ڕقلێبوونەوە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هێرشكراوەتە سەر نزیكەی 22 مزگەوت لەسەرانسەری ئەو وڵاتەدا، پۆلیسیش دەستگیركردنی چوار كەسی بە تۆمەتی سووتاندنی مزگەوتێك دەستگیر كردووە.
ڕێكخراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو ژمارەیە یەكێكە لە بەرزترین ڕێژەی كردنە ئامانجی مزگەوتەكان لە سێ مانگدا لەماوەی دەستبەكاربوونی (تێل ماما)ەوە لە ساڵی 2011ەوە، وتیشی: بەرزبوونەوەی ڕێژەی كردنە ئامانجی مزگەوتەكان ڕەنگدانەوەی زۆربوونی دیاردەی ڕقلێبوونەوەیە لە موسڵمانان.
ئیمان عەتا بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە ڕایگەیاند: ئەو هێرشانە كاریگەری دەروونی و كۆمەڵایەتیی توندی لەسەر ئەو كەسانە دەبێت كە هاتووچۆی مزگەوتەكان دەكەن و ترس و توڕەیی و هەستكردن بە هەڕەشە لە ناخیاندا دەچێنێت، وتیشی: وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێشتر هاوكاری ئەمنییان بۆ ژمارەیەك مزگەوت دابینكردووە، بەڵام وەك پێویست نەبووە، داواشی كرد ستراتیژییەتی فراوانتر بۆ پاراستنی دامەزراوە ئاینییەكان لەبەرانبەر توندڕەوی و ڕقلێبوونەوە بگرنەبەر.
هاوكات پۆلیسی ساسكس دەستگیر كردنی چوار كەسی لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا ڕاگەیاند، كە بە سووتاندنی بە ئەنقەستی مزگەوتێك لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا، لە شارۆچكەی بیسهاڤن لە ڕۆژهەڵاتی ساسكس تۆمەتبارن و هێرشەكەی بە شتێكی ناخۆش ناوزەد كرد، هێرشەكە بووە هۆی سووتانی بەشێكی زۆری ڕووكاری دەرەوەی مزگەوتەكە و زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبیلێك، كە لەبەردەمیدا وەستابوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە