4 کاتژمێر پێش ئێستا
388 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. چەند كەسێك بە تۆمەتی فرۆشتنی كارتی دەنگدەران دەستگیر كران
پەیام
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانى عێراق ڕایگەیاند، چەند كەسێكیان بە تۆمەتی فرۆشتنی كارتی دەنگدەران دەستگیر كردووە.
لە لێدوانێكدا لیوا قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوە كردووە، فەرماندەییەكە لیستی پەیڕەو و راسپاردەكانی سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن دەركردووە و راستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە چاودێری دەكرێن.
ڕاشیگەیاندووە، كارەكانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدەن، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەموو ئەو پێشێلكاریانەی ئەگەری هەیە لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن بكرێن.
ڕاگەیەنراوەكە ئەوەش دووپات دەكاتەوە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ژمارەیەك لەو كەسانە دەستگیر بكەن، كە كارتی دەنگدەرانیان فرۆشتووە، لەگەڵ ئەو كەسانەی تێوەگلاون لە هێرشكردنە سەر بانگەشەی هەڵبژاردن لە بارەگاكان یان هێرش بۆ سەر كاندیدەكان.
بڕیارە، 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە ئێستاشدا سەرجەم لایەنەكان و كاندیدەكان بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەست پێ كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە