4 کاتژمێر پێش ئێستا
245 جار خوێنراوەتەوە
لە کۆبوونەوەى حکومەتى عێراقدا بڕیار لەسەر ناردنى مووچەى هەرێم نەدرا
پەیام
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ بووەوە و هیچ بڕیارێكی بۆ ناردنی مووچەی مانگی 9 بۆ هەرێمی كوردستان نەدا.
سەرەڕای ئەوەی میدیاكانی پارتی باسیان لەوە كردبوو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە دەدات. بەڵام كۆبوونەوەكەی حكومەتی عێراق كۆتایی هات و بە هیچ شێوەیەك باسی مووچەیان نەكرد.
ئەمە لەكاتێكدایە نیوەی مانگی 11 تێپەڕیوە، بەڵام هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتیی مانگی 9ی بۆ عێراق نەناردووە، ئەمەش پاساوی داوەتە بەغداد، كە مووچە نەنێرێت و پێشبینی دەكرێت ناردنی مووچەی هەرێم لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 ی ناوەراست و باشووری عێراقدا بێت.
هەفتانە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژانی سێشەممە كۆ دەبێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق نیازی ئەوەی هەیە ئەمشەو بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێ بكەوێت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەمڕۆ پێش خرا.
بڕیارە سبەی سێشەممە سوودانی لە شاری دهۆك بەشداری لە كۆڕبەندی ساڵانەی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە (مێپس) بكات. هاوكات لە دهۆك لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم كۆببێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە