1 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
زیاترلە 82 هەزار سەربازی ئیسڕائیلی چارەسەری پزیشكی وەردەگرن
پەیام
وەزارەتی بەرگریی قەوارەی زایۆنی دەڵێت، زیاترلە 82 هەزار سەربازی ئیسرائیلی لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.
ڕۆژنامەی جۆرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی ئاماری وەزارەتەكەی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لە ئێستادا 82 هەزار و 400 سەربازی ئیسرائیلی چارەسەری پزیشكی وەردەگرن، لەسەدا 58 ی چارەخوازەكان پەیوەندیی بە كێشەی دەروونییەوە هەیە بەتایبەت شۆكبوونی كاتی جەنگ.
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتەكە، 22 هەزار ئەفسەر و سەرباز لە میانەی جەنگی كۆمەڵكوژیی سەر غەززەدا بریندار بوون. بەڵام گرووپە فەڵەستینییەكان و بەشێك لە میدیا جیهانییەكانیش باسیان لەوە كردووە ئاماری كوژراو و بریندارانی سوپای زایۆنی زۆر لەوە زیاترە كە دانی پێدا دەنێت.
وەزارەتی بەرگریی زایۆنی ڕاشیگەیاندووە، مانگانە نزیكەی هەزار و 500 داواكاریی دیكەیان بۆ دێت كە سەربازانن و دان بەوەدا دەنێن تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون، پێشبینیشی كردووە تا ساڵی 2028 ڕێژەكە بگاتە 100 هەزار كەس.
جێی باسە ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چەندین جار بەڵگەی ئەوەیان خستووەتە ڕوو كە ئەفسەر و سەربازانی زایۆنی لە غەززە كاری دڕندانە و نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە و بە ئەنقەست خەڵكی فەڵەستینییان كوشتووە و بریندار كردووە و دەستدرێژیان كردوونەتە سەر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە