1 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
نەتەوەیەكگرتووەكان: منداڵانی غەززە ڕووبەڕووی توندوتیژی و فشاری دەروونیی سەخت بوونەتەوە
پەیام
وتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی هێرشەكانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر كەرتی غەززە دەربڕی و هۆشداریی لە مەترسییە گەورەكانی سەر ژیانی منداڵان دا.
ستیفان دوجاریك، وتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئۆفیسی هەماهەنگیی مرۆیی نیگەرانن لە هێرشە بەردەوامەكان و وتی "كاروانێكی هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان لە خان یوونس لە باشووری كەرتی غەززە ناچار بووە ڕێڕەوەكەی بگۆڕێت پاش ئەوەی لە نزیكیانەوە تەقە كراوە".
دوجاریك ئاماژەی بەوە كرد، منداڵانی غەززە ڕووبەڕووی بەركەوتن و فشاری دەروونیی سەخت، توندوتیژی و كاری مەترسیدار بوونەتەوە، لە ئێستادا نزیكەی شەش هەزار منداڵ خزمەتگوزاریی ڕاوێژكاری و پشتیوانیی دەروونی وەردەگرن.
وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوەش كرد، وێڕای دابینكردنی پێداویستیی زستانە و كێوماڵكردنی مەیدانی بۆ پووچەڵكردنەوەی مین، بەڵام ڕێگریكردنی قەوارەی ئیسرائیل لە هاوردەكردنی ئامێرە قورسەكان، كارەكانی نەهێشتنی تەقەمەنی و پاشماوە مەترسیدارەكانی جەنگی پەكخستووە.
ئەم ڕەوشە كارەساتبارە لە كاتێكدایە، كە بەردەوامیی هێرشەكانی سوپای زایۆنی بۆ سەر كەرتی غەززە، ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنیی خستووەتە ژێر مەترسیی گەورە و كۆسپی لە بەردەم گەیاندنی فریاگوزارییە سەرەتاییەكان بە خێزانە ئاوارەكان دروست كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە