16/12/2025 444 جار خوێنراوەتەوە

به‌شار ئه‌سه‌د و خێزانه‌كه‌ی‌ له‌كوێ و چۆن ئه‌ژین و رۆژانه‌ خه‌ریكی چین؟

په‌یام

ڕۆژنامەی "گاردیەن"ی بەریتانی وردەکاری نوێی سەبارەت بە ژیانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا و خێزانه‌كه‌ی‌ ئاشکرا دەکات کە ئێستا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەژین و به‌پێی‌ زانیاری ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئه‌سه‌د و خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكی‌ راقی و پارێزراوی مۆسكۆ ده‌ژین و رۆژانه‌ خه‌ریكی نوێكردنه‌وه‌ی‌ زانستی خۆیه‌تی‌.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی خێزانی‌ ئه‌سه‌د زانیارییه‌كانی‌ وه‌رگرتووه‌ و ئه‌وه‌ی‌ بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د رۆژانه‌ خه‌ریكی نوێكردنه‌وه‌ی‌ زانست و زانیارییه‌كانیه‌تی‌ له‌باره‌ی‌ پزیشكیی چاو.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان كه‌ رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ وه‌ریگرتووه‌ وتوویه‌تی‌، "به‌شار ئه‌سه‌د خەریکی خوێندنی زمانی ڕووسییە و پێداچوونەوە بە زانستەکانی لە بواری پزیشكیی چاودا دەکات، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌، ئەوە خولیای خۆیەتی، ئه‌گینا وه‌كو بژێوی ژیان پێویستی‌ به‌ پراكتیزه‌كردنی‌ زانسته‌كه‌ی‌ نیه‌ به‌ڵكو تەنانەت پێش هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریاش، بە بەردەوامی لە دیمەشق پراکتیزەی زانستی پزیشكیی چاوی دەکرد".

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، دوای ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمەکەی لە سوریا، بنەماڵەی ئەسەد لە مۆسکۆ ژیانێکی بێدەنگ و جۆرێك له‌ دابڕان بەسەر دەبەن و تووشی هیچ سەختییەکی دارایی نه‌بوون.

بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی پێکردووە، پێدەچێت ئەو خێزانە لە گەڕەکی ڕوبلیۆڤکای مۆسكۆ بژین، کە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونێکی راقی و ئاست به‌رز و پارێزراوه‌ و نوخبەی مۆسکۆ تێیدا نیشتەجێن.

به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كان ئەندامانی بنەماڵەی ئەسەد لەوێ لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا تێکەڵ دەبن، وەک ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کیێڤ هەڵاتووە و پێدەچێت لەو ناوچەیە نیشتەجێ بێت.

هاوڕێیەکی خێزانەکەی به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌: "ئه‌سه‌د و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ ژیانێکی زۆر بێدەنگ ده‌ژین، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە، ئەگەر هەبێت. تەنها پەیوەندی لەگەڵ دوو کەسدا دەکات کە لە کۆشکەکەیدا بوون، وەک مەنسور عەزەم (وەزیری پێشووی کاروباری سەرۆکایەتی سوریا) و یاسر ئیبراهیم (یەکێکە لە دیارترین کەسانی متمانەپێکراوی ئابووریی ئەسەد).


هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌سما ئه‌سه‌د، خێزانی‌ به‌شار ئه‌سه‌د كه‌  ساڵانێکە تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە و باری تەندروستی تێکچووبوو، سه‌رچاوه‌كانی‌ رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ وتوویانه‌، ئەو پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە مۆسکۆ چارەسەری وەرگرتبوو، هه‌روه‌ها دوای چارەسەری ئەزموونی لەژێر چاودێریی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا چاکبووەتەوە.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه‌ كه‌ ئه‌سما ئه‌سه‌د، چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی RT و پێشکەشکارێکی ناسراوی پۆدکاستی ئەمریکی ڕێکخستووە، بەڵام چاوەڕێی ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ڕووسیایە بۆ ئەوەی بڵاویان بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیشدا ئه‌وه‌ی‌ ئاشكراكردووه‌ كه‌  "هەندێک ڕێگا هەرگیز هەڵبژاردەی ئه‌و نەبوون".


ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگه‌یاندووه‌: "پێدەچێت ڕووسیا ڕێگری لە دەرکەوتنی‌ ئەسەد بكات و، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیا عێراقییەکان لە مانگی تشرینی دووەمدا سەبارەت بە ژیانی ئەسەد لە مۆسکۆ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، ئێلبروس کوتراشێڤ، پشتڕاستی کردەوە کە سەرۆکی پێشووی‌ سووریا لە هەر چالاکییەکی گشتی قەدەغە كراوه‌ و ڕێگای‌ پێ نادرێت".

کۆتراشێڤ دەشڵێت: ئه‌سه‌د له‌ مۆسكۆ ده‌ژی، بەڵام ناتوانێت بەشداری هیچ چالاکییەکی سیاسی بکات، مافی ئەوەی نییە بەشداری لە هیچ چالاکیەکی میدیایی و سیاسیدا بکات، چونکە ئەو کارە قەدەغەیە، بەڵام باشە و لە ژیاندایە.

لە بەرامبەردا پێدەچێت ژیانی کوڕەکانی ئەسەد تاڕادەیەک بە ئاسانی بەڕێوەبچێت و بەپێی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەوان خۆیان لەگەڵ ژیانی نوێی خۆیان وەک ئەندامانی نوخبەی مۆسکۆ دەگونجێنن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاکە جارێک کە بنەماڵەی ئەسەد - بەبێ بەشار - لە دوای کۆتایی هاتنی ڕژێمەکەیانەوە بەیەکەوە لەبەردەم خەڵکدا بینراون، لە ئاهەنگی دەرچوونی کچەکەیاندا بوون "زین ئەسەد" لە 30ی حوزەیران".

زەین بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە پەیمانگای دەوڵەتی مۆسکۆ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدەستهێناوە، کە زانکۆیەکی بەناوبانگی مۆسکۆیە و زۆربەی چینی دەسەڵاتداری ڕووسیا تێیدا دەخوێنن.

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، حافز، کوڕە گەورەکەی بەشار، زۆربەی ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای داخستووە و تووشی نەخۆشی دیسلێکسیا بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو خێزانە کە قسەی بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، منداڵەکان و دایکیان زۆربەی کاتەکانیان بە بازاڕکردن بەسەر دەبەن، ماڵە نوێیەکەیان لە ڕووسیا پڕ كردووه‌ له‌ كه‌لوپه‌لی‌ گران به‌ها و ماركه‌.

هه‌روه‌ها زەین ئەسەد بەردەوام بازاڕ بۆ جلوبەرگی نوێ و ماركه‌ دەکات و لە ئارایشتگایەکی جوانکاری ئاست بەرز ناوی خۆی تۆمارکردووە و ئەندامی یانێکی وەرزشی بەناوبانگە لە مۆسکۆ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 48 خولەک پێش ئێستا

    ماکرۆن: جه‌نگ چاره‌سه‌ری پرسی ئه‌تۆمی ئێران ناكات

  • 3 کاتژمێر پێش ئێستا

    وەزارەتی دەرەوەی پاکستان: ئه‌مریكا هیچ وه‌فدێكی بۆ دانوستانی ئاشتی نه‌ناردووه‌

  • 5 کاتژمێر پێش ئێستا

    تڕەمپ هەڕەشەى لە ئێران کرد و ستایشى وڵاتانی کەنداوی کرد

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    ترەمپ: ناتۆ "پڵنگێکی کاغەزییە" بیر لە کشانەوە دەکەمەوە

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئیسپانیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكادا دادەخات

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئێران: بە شەهیدبوونی فەرماندە مەیدانییەكانمان كارەكانمان بەهێزتر دەبن

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئێران: پەیامەكانی ئەمریكا تەنیا لەڕێگەی نێوەندگیرەكانەوە پێمان گەیشتوون

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    تڕەمپ: لەگەڵ ئێران نزیكین لە ڕێكەوتن و لەسەر زۆربەى خاڵەکانمان ڕەزامەندن

سەرەتا