1 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
ئەحمەد شەرع و شاندێكی توركیا تاوتوێى ڕێككەوتن لەگەڵ هەسەدە دەكەن
پەیام
وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی توركیا و سەرۆكی دەزگای میت گەیشتنە سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێی ڕێككەوتن لەگەڵ هەسەدە دەكەن.
ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاوی كردووەتەوە، هەریەك لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە و، یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت)، لە سەردانێكی فەرمیدا گەیشتنە دیمەشق-ی پایتەختی سووریا و لەگەڵ سەركۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە كۆدەبنەوە.
بەپێی ئاژانسەكە، لە كۆبوونەوەكاندا بە شێوەیەكی گشتگیر لە ڕووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوتی پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەكرێت هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ چۆنییەتی جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنی 10ی ئادار لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" بكرێت، كە توركەكان پێیان وایە پەیوەندیی زۆری بە ئاسایشی وڵاتەكەیانەوە هەیە.
هاوكات چاوەڕوان دەكرێت لە سەردانەكەدا تیشك بخرێتە سەر مەترسییە ئەمنییەكانی باشووری سووریا، كە بەهۆی شەڕانگێزییەكانی قەوارەی زایۆنییەوە سەریهەڵداوە، هەروەها باس لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەكرێت.
ساڵێك بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا توركیا گەورەترین پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریایە و هەردوولاش بەردەوام لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە