1 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراقدا ئەندامانی سوێند دەخۆن و سەرۆك و جێگرەكانیشی هەڵدەبژێردرێن
پەیام
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجام بدات و ئەندامانی سوێند بخۆن و سەرۆك و جێگرەكانیشی هەڵبژێرێت.
بەپێی ئەو كارنامەیەی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاوی كردووەتەوە بڕیارە دووسبەی، ڕۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی لە ساڵی یەكەمی یاسادانانی خولی شەشەم ئەنجام بدات.
دانیشتنەكە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەكات، پاشان كاندیدانی دەرچوو بۆ ئەنجوومەنەكە سوێندی دەستووریی دەخۆن و پاشانیش سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن.
بەپێی ئەو مەڕسوومەی پێشتر لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە بۆ ئەنجوومەنەكە دەركرا دانیشتنەكە لەلایەن بەتەمەنترین كاندیدی دەرچوو بۆ ئەنجوومەنەكە سەرۆكایەتی دەكرێت.
بەپشتبەستن بە مادەی 54ی دەستووریی ڕۆژی دووشەممە 29ی 12 كۆتا وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە وەك عورفێكی سیاسی سەرۆك لەلایەن سوننەكانەوە دیاری دەكرێت و دوو جێگرەكەیشی كورد و شیعەكان دیاری دەكەن.
هەر بەپێی وادەكان و بە پشتبەست بە مادەی 72ی دەستوور قۆناغی دووەم دیارییكردنی سەرۆكی كۆمارە كە دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دانیشتنی یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دیاری بكرێت كە دیسانەوە وەك عورفێكی سیاسی لایەن كوردەوە دیاری دەكرێت و تائێستاش ئەو پۆستە بۆ یەكێتی نیشتمانی بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە