2 کاتژمێر پێش ئێستا
75 جار خوێنراوەتەوە
مانگی داهاتوو نێردەی تایبەتی ئەمریكا بە كۆمەڵێك نامەی گرنگەوە دەگاتە عێراق
پەیام
مانگی داهاتوو نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەگاتە بەغداد و چەند نامەیەكی تایبەتی واشنتۆن دەگەیەنێت دەسەڵاتدارانی عێراق.
ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدید لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای كردووە، مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ عێراق لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەگاتە عێراق و چەند نامەیەكی ئیدارەی ئەمریكا دەگەیەنێتە چوارچێوەی هەماهەنگی.
نامەكانیش باس لە داهاتووی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنییەكان لەنێوان عێراق و ئەمریكادا دەكەن، هەروەها ڕوانینی واشنتۆن بۆ حكومەتی نوێی عێراق و داماڵینی چەك لە گرووپە چەكدارەكان دەخاتە ڕوو.
سەرچاوەیەكی حكومی بە رۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، ڕۆلی مارك ساڤایا تەنیا گەیاندنی نامەكانی ئەمریكایە و دەستێوەردان ناكات لە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا بەرانبەر عێراق. ئەمەش پێچەوانەی ڕۆڵی تۆم باراكە لە لوبنان كە دەستێوەردان دەكات.
بەرپرسێكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە، پێشتریش چەند جارێك وتراوە كە نێردەی تایبەتی ئەمریكا سەردانی عێراق دەكات بەڵام هێشتا نەهاتووە لەكاتێكدا دوو مانگ بەسەر دانانی لەو پۆستەدا تێپەڕیوە.
ڕاشیگەیاندووە: ئەمریكا لەڕێی ساڤایاوە دەیەوێت هەڵوێستەكانی ڕوون بكاتەوە لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق بەتایبەت لەكاتێكدا گرووپەكانی بەرەنگاریی نزیك لە ئێران كورسییەكی زۆری پەرلەمانیان بەدەست هێناوە و واشنتۆنیش داوای چەكدانان دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە