2 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
عێراق 11 جۆری بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردەی قەدەغە کرد
پەیام
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق قەدەغەی لەسەر هاوردەی 11 جۆری كاڵا دانا و پلانی كشتوكاڵییش بۆ وەزری زستان دیاری كرد.
لە لێدوانێكیدا مەهدی زەمد قەیسی، ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاندووە، سیاسەتی هاوردە پشت بە ساڵنامەی كشتوكاڵی دەبەستێت كە بەردەوام بەهۆی زۆری یان كەمی بەرهەمی ناوخۆیی نوێ دەكرێتەوە، و تێیدا بەدەستبوونی بەرهەمەكان و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەكان لەخۆدەگرێت، لە نوێترین نوێكردنەوەی ساڵنامە كشتووكاڵییەكەیشدا 11 جۆری بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردەیان قەدەغە كراوە.
ڕاویژكارەكە ڕوونیكردەوە كە ئەو 11 بەرهەمە پێك دێن لە (چەوەنەر، شێلم، كاهوو، قەرنابیت، كەلەرم، كولەكە، باینجان، پەتاتە، هێلەكە و هەنگوێن و خورما)، ئاماژەی بەوەیش كرد كە هاوردەی تەماتە لە ئێستادا ئازادە بەڵام بەپێی دۆخی ناوخۆیی قەدەغەی دەچێتە سەر و و بەرهەمە قەدەغەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و ژمارەیان لە نێوان 7 بۆ 11دا یە.
لەبارەی پلانی كشتوكاڵی زستانییەوە، قەیسی ڕایگەیاندووە كە ڕووبەری دیاریكراو دەگاتە 4.5 ملیۆن دۆنم، تێدا 3.5 ملیۆن دۆنمی دێمە و ملیۆنێك دۆنمیشی بەراوە.
لەبارەی پرۆژەكانی سەوزكردن، ناوبراو جەختی لەوە كردەوە سەوزكردنی پشتێنەی بەغداد لە ئەستۆی شارەوانی شارەكەیە، پشتێنەی شارەكانی دیكەیش خراوەتە ئەستۆی حكومەتە خۆجێییەكان و خۆیان بەر پرسیارین لە چاودێری پرۆژەكان چونكە توانای وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ چاودێری تەكنیكی پرۆژەكان سنووردارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە