2 کاتژمێر پێش ئێستا
107 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمان لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ چاودێریکردنى دەروازە سنوورییەکان پێکهێنا
پەیام
حکوومەت و پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانیان یەکخستووە بۆ ڕێکخستنەوەی سەرتاسەریی دەروازە سنوورییەکان و چاودێریکردنیان، ڕاشیانگەیاندووە ئەم هەنگاوە ئامانجی کەمکردنەوەی سەرپێچییە داراییەکان و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە لە کارە گومرگییەکاندا.
لە دانیشتنی سێشەممەدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی نوێ کە تایبەت بێت بە دەروازە سنوورییەکان، غەیس شەبەع، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، کە ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە، کۆنترۆڵکردنی وردی دەروازەکان و، گواستنەوەی تەواوی داهاتەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا غەیس شەبەع پێی وایە، کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەهای دەوڵەت بە داهاتی نەوت و، هەروەها گرنگیی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێکى گرینگن لە ئامانجى پێکهێنانی ئەو لیژنەیە.
ئەحمەد عید، شارەزای ئابووری، لەسەر دروستکردنی لیژنە هەمیشییە نوێیەکە دەڵێت، دەروازە سنوورییەکان «خوێنبەری سەرەکی» داهاتی نانەوتین، جەختیشی کردەوە کە ئەم لیژنەیە دەتوانێت ڕێگری بکات لە: یاریکردن بە پسوولە و بڕی کاڵا هاوردەکراوەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت، دیاردەی «ساغکردنەوەی کاڵا» کە زیان بە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت کۆنتڕۆڵ بکات.
هاوکات باسم عەوادی، وتەبێژی حکوومەتی فیدڕاڵى، ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی سیستمی جیهانیی ئەسیکۆدا لە بەندەرەکاندا هەنگاوێکی چاکسازیی گرنگە. عەوادی ڕوونی کردەوە کە ئەم سیستمە پەیوەندی بە کەمیی پارەوە نییە، بەڵکو ئامانج لێی:
بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتیی و، دابینکردنی ژینگەیەکی بازرگانیی شەفاف و دادپەروەر و هەروەها، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ئابووری وڵاتدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە