2 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی خەرجی؛ گرێبەستی دەیان ڕاوێژكاری هەڵوەشاندەوە
پەیام
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ 16ى 2ى 2026 كۆمەڵێك بڕیاری نوێی بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و ڕێكخستنەوەی میلاكاتی نووسینگەكەی ڕاگەیاند، كە دیارترینیان كۆتاییهێنانە بە گرێبەستی ژمارەیەك لە ڕاوێژكار و شارەزایان.
بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی "كەمكردنەوەی خەرجییەكان" و جێبەجێكردنی ڕێكارە ئیدارییەكانە.
بڕیارەكان پڕۆسەی یەكخستن و ڕێكخستنەوەی بەشە جیاوازەكانی نووسینگەی سەرۆك وەزیران دەگرێتەوە، لە نێویاندا كۆتاییهێنان بە ئەركی ئەو ڕاوێژكارانەی كە سەرپەرشتی دۆسیەكانی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتیان دەكرد.
بەپێی بڕیارەكانی نوسینگەی سەرۆكوەزیران، بڕیار دراوە بە كۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەك ڕاوێژكار و شارەزا، هەروەها كەمكردنەوەی خەرجییە كارگێڕییەكان لە زۆربەی بەشەكانی بودجەی كارپێكردنی نووسینگەی سەرۆك وەزیران.
لەگەڵئەوەشدا سوودانی جەختی لە هەموو دامەزراوە حكومییەكان كردووەتەوە كە پابەندی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و سوودوەرگرتنی ئەوپەڕی لە تواناكانی بەردەست.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە