2 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
جەی دی ڤانس: ئێران هێڵە سوورەکانی ترمپی پەسەند نەکردووە
پەیام
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، گومان دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی دانوستاندنی جنێف لەگەڵ تاران و ڕایدەگەیەنێت کە ئێران هێشتا ئامادە نییە دان بە داواکارییە بنەڕەتییەکانی ئەمریکادا بنێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو گەشبینییەی کە لایەنی ئێرانی نیشانی دەدات.
ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکان هیچ "وەرچەرخانێکی بنەڕەتی"یان بەخۆوە نەبینیوە، تەنها لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە دووبارە کۆببنەوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە لەوەى کە دۆناڵد ترمپ هێڵە سوورەکانى دیاریکردووە، بەڵام ئێرانییەکان تا ئێستا ئامادەییان نیشان نەداوە بۆ دانپێدانان یان کارکردن لە چوارچێوەی ئەو هێڵانەدا و داواکارییە بنەڕەتییەکانى ئەمریکایان پەسەند نەکردووە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، ڤانس ڕایگەیاند کە "بژاردەی سەربازی هێشتا وەک ئەگەرێکی کراوە لەسەر مێزەکە ماوەتەوە." و ئەمریکا تەواو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێگا نادات ئێران ببێتە خاوەنى چەکی ئەتۆمی و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە.
ئەم لێدوانانەی ڤانس لە کاتێکدایە کە تاران باس لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر "بنەما گشتییەکان" دەکات بۆ نووسینەوەی ڕەشنوسی ڕێککەوتنێک.
لەلایەکی تریشەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەقێک پێشکەش بکات بۆ "ڕوونکردنەوەی هەندێک لە بۆشاییەکان" لە هەڵوێستی ئەمریکادا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە