پێش 4 هەفتە
736 جار خوێنراوەتەوە
عێراق هۆكاری ڕێگەنەدان بە بردنی خۆراك بۆ سعوودییە لەلایەن عومرەكارانەوە ئاشكرادەكات
پەیام
سەبارەت بە هۆكارەكانی قەدەغەكردنی بردنی ماددەی خۆراكی لەگەڵ عومرەكاران لە ڕێگەی خاڵی سنووری عەرعەر و فڕۆكەخانەكانەوە بۆ نێو خاكی عەرەبستانی سعوودی، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: بڕیارەكە پابەندبوونە بە ڕێنماییە فەڕمییەكانی سعودیە و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی عومرەكارانە.
دەستەكە دەڵێت: یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئەوەیە بڕێكی زۆری خۆراك لە كاتی گواستنەوە و كۆگاكردندا بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرما و درێژیی ڕێگاكە ئەگەری خراپبوونیان هەیە، ئەمەش مەترسی ژەهراویبوون و زیانی تەندروستی دروست دەكات.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ڕایشیدەگەیەنێت: بەپێی ڕێنماییەكانی بەرگری شارستانیی سعودیە و بۆ ڕێگریكردن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراوی ئاگركەوتنەوە كە ڕەنگە بەهۆی بەكارهێنانی ئامێرەكانی چێشتلێنان لە شوێنی مانەوەدا ڕوو بدات، چێشتلێنان لەنێو هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبوونی عومرەكاران بە توندی قەدەغەیە.
دەستەی حەج و عومرە جەختی كردەوە "ڕێگریی لە بردنی خۆراك لەلایەن عومرەكارانەوە بۆ سعوودییە یارمەتیدەرە بۆ خێراكردنی پڕۆسەی پشكنین لە مەرز و فڕۆكەخانەكان و كەمكردنەوەی جەنجاڵی، داواشی لە عومرەكارانی عێراقی كرد پابەندی ڕێنماییەكان بن بۆ ئەوەی بە ئارامی و بێ گرفت مەناسیكەكانیان ئەنجام بدەن".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە