2 کاتژمێر پێش ئێستا
78 جار خوێنراوەتەوە
كەمپی هۆل بە تەواوی چۆڵكرا و سەرجەمى خێزانە عێراقییەکانى ناوى گەڕێنرانەوە
پەیام
كەمپی هۆڵ لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان كە خێزانی چەكدارانی داعشی تێدابوو، داخرا. عێراقیش ڕایگەیاند دوایین كاروانی ئەو خێزانە عێراقییانەی لە كەمپەكە مابوون، گەڕێنراونەتەوە.
فادی قاسم، بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ڕایگەیاند: دوایین كەسی ناو كەمپی هۆڵ لە حەسەكە گواستراوەتەوە. و ئێستا كەمپەكە بە تەواوی چۆڵ كراوە.
قاسم ئاماژەی بەوە كرد، كە بەشێك لەو سووریاییانەی لە كەمپەكەدا بوون، لەوانە بەساڵاچووان، خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، نەخۆشەكان و ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە، بە مەرجی بەردەوامی چاودێریكردنیان ڕادەستی خێزانەكانیان كراونەتەوە، هەروەها نزیكەی 60 خێزانیش بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە.
بەرپرسەكەی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، كە هەندێك لە خێزانەكانی ناو كەمپەكە بۆ كەمپی چاكسازی لە حەلەب گواستراونەتەوە و دەخرێنە ناو بەرنامەكانی چاكسازی و پەروەردەكردن.
هاوكات عەلی جیهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند: رۆژی 19 ی ئەم مانگە دوایین كاروانی خێزانە عێراقییەكانی كەمپی هۆل كە ژمارەیان 55 خێزان بوون، گەڕێنرانەوە بۆ عێراق.
كەمپی هۆڵ دەكەوێتە پارێزگای حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستانەوە، زیاتر لە 7 ساڵ كەسوكاری چەكدارانی داعشی تێدا كۆكرابوونەوە كە خەڵكی 42 وڵاتی جیاواز بوون و زۆرینەیان عێراقی و سووری بوون. پێشتر لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە"ەوە بەڕێوە دەبرا بەڵام مانگی ڕابردوو حكومەتی سووریا بەڕێوەبردنی كەمپەكەی گرتە دەست.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە