2 کاتژمێر پێش ئێستا
270 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا مەرجێکى نوێى لە دانووستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران زیاد کردووە
پەیام
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ مەرجی سەرەکی بۆ هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە دەبێت بۆ ماوەیەکی نادیار و هەمیشەیی کارا بێت. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، واشنتۆن دەیەوێت «بڕگەکانی کۆتاییهاتنی وادە» (Sunset Provisions) لاببات، کە پێشتر لە ڕێککەوتنە کۆنەکاندا وادەیەکی دیاریکراویان بۆ کۆتاییهاتنی سنووربەندییەکان لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی تاران دادەنا.
ویتکۆف لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ بەخشەرە داراییەکان لە واشنتۆن، جەختی کردەوە کە بنەمای ئەوان لە دانوستانەکاندا ئەوەیە کە هیچ وادەیەکی بەسەرچوون بۆ پابەندییەکانی ئێران بوونی نابێت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان دەبێت بۆ هەتاهەتایە بەو مەرجانەوە پابەند بن، جا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت یان نا؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ نیشاندانی توندوتۆڵیی ڕێککەوتنەکە بەراورد بە سەردەمی ئۆباما.
ڕەخنەگرانی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ و خودی ترەمپ، بڕگەکانی «کۆتاییهاتنی وادە»یان وەک گەورەترین کەلێنی ئەو ڕێککەوتنە دەبینی، چونکە ڕێگەی دەدا سنووربەندییەکان لە نێوان ٨ بۆ ٢٥ ساڵدا بەسەربچن. ئێستا ئیدارەی نوێ دەیەوێت بە لابردنی ئەم خاڵە، ڕێککەوتنێکی زۆر توندتر و درێژخایەنتر پێکبهێنێت کە ڕێگری بکات لەوەی تاران هیچ کاتێک بیر لە چەکی ناوەکی بکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئیدارەی ئەمریکا پلانی هەیە دوای پرسی ناوەکی، دەرگای دانوستان لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا بکاتەوە. هەرچەندە پرسی «پیتاندنی یۆرانیۆم» لە ناوخۆی ئێراندا هێشتا وەک بەربەستێکی گەورە ماوەتەوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمریکا ڕەنگە تەنیا بۆ پیتاندنێکی سیمبولی و لەژێر چاودێرییەکی زۆر تونددا ڕازی ببێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە