2 کاتژمێر پێش ئێستا
160 جار خوێنراوەتەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئـ.یسرائیل داوا لە فەرمانبەرانی دەكات ئەو وڵاتە جێبهێڵن
پەیام
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە قەوارەی زایۆنی ئاگادارییەكی ئەمنیی بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە فەرمانبەرانی حكومەتی ئەمریكا كرد، كە ئەركی باری نائاساییان نییە، بەهۆی هۆكارەكانی پەیوەست بە سەلامەتییەوە خۆیان و خێزانەكانیان ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەكە هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە: وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ڕووداوە ئەمنییەكان، ئەگەری هەیە گەشتكردنی فەرمانبەران و خێزانەكانیان بۆ ژمارەیەك ناوچەی دیاریكراو قەدەغە بكرێت، كە هەندێك بەشی قودس و كەناری خۆراوا دەگرێتەوە، جەختیشی كردووەتەوە، ئامۆژگاری كراون بە بەجێهێشتنی قەوارەكە، تا ئەو كاتەی گەشتە بازرگانییەكان بەردەستن.
لە درێژەی ئاگادارییەكەشدا هاتووە: ڕەنگە سنوورداركردنی زیاتر بخەینە سەر جووڵەی فەرمانبەران لە قەوارەكە، كەناری ڕۆژاوا و قودس.
هەنگاوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دوای ئەوە دێت، كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشدارییەكی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیانی خۆی لە ئێران دەركرد و داوای لێكردن "دەستبەجێ" ئەو وڵاتە جێبهێڵن؛ ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵكشانی ئاستی گرژییەكان، ئەو هۆشدارییەش هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆ ئاستبەرزەكان لە سەڵتەنەی عومان كە ئامانج لێیان كەمكردنەوەی ئاستی قەیرانە هەرێمییە پەرەسەندووەكانە.
لە هەنگاوێكی سەربازی دیاریشدا و هاوكات لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە هەرێمییەكاندا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، فڕۆكەهەڵگری (یو ێس ئێس جیڕاڵد)ی ئەمریكی، كە گەورەترین و پێشكەوتووترین فڕۆكەهەڵگرە لە كەشتیگەلی ئەمریكیدا، ئەمڕۆ هەینی گەیشتە كەناراوەكانی نزیك لە قەوارەی زایۆنی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە