1 کاتژمێر پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا پشتگیریی پاکستان بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان دەکات
پەیام
پاكستان "جەنگی كراوە"ی دژی تاڵیبان ڕاگەیاندووە و ئەمریکاش پشتگیریی پاکستان بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان دەکات.
رۆژى 27ى 2ى 2026 سوپای پاكستان هێرشێكی ئاسمانی دەستپێكرد و چەندین بنكەی تالیبانی لە كابول، باكتیا و قەندەهار بۆردومان كرد، كە بەپێی ئامارە فەرمییەكانی ئیسلام ئاباد، تائێستا 133 چەكداری تالیبان كوژراون و زیاتر لە 200ی تریش بریندار بوون.
ئەمڕۆش عەتاوڵا تارار، وەزیری زانیاریی پاکستان لە پلاتفۆڕمی "X" دوپاتیکردەوە کە پاکستان بەردەوام دەبێت لە پارێزگاریکردن لە خاکەکەی.
لە دواى هێرشەکان ئەلیسۆن هوکەر، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئهمریكا بۆ کاروباری سیاسی، لە پلاتفۆڕمی "X" نوسیویەتی، "بەردەوامین لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە و پاڵپشتی خۆمان بۆ مافی پاکستان لە بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی تالیبان دەربڕیوە".
لە بەرامبەردا زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تالیبان ئاماژەى بەوە کردووە "حکومەتەکەی دەیەوێت ململانێکان لە ڕێگەی "دیالۆگ"ـەوە چارەسەر بکات چەندین جار جەختمان لەسەر پێویستی چارەسەری ئاشتییانە کردووەتەوە و هێشتاش دەمانەوێت کێشەکە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت".
ئیسلام ئاباد، کابول تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی گروپە چەکدارەکان کە لە ناو ئەفغانستانەوە هێرش بۆ سەر پاکستان ئەنجامدەدەن، بەڵام حکومەتی تالیبان ئەوە ڕەتیدەکاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە