2 کاتژمێر پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی "ئاست بەرزی" كۆگا كردووە
پەیام
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڕاپۆرتێكی نهێنیدا ئاماژە بە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاستبەرزی ئێران لە ئەسفەهان دەدات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڕاپۆرتێكی نهێنیدا كە ئاراستەی وڵاتانی ئەندامی كردووە، ئاشكرایكردووە، بەشێك لە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە ئاستێكی بەرز، كە خەستییەكەی دەگاتە نزیكەی 60% و لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نزیك دەبێتەوە، لە پێگەیەكی ژێر زەویدا لە ناو دامەزراوەیەكی ئەسفەهان كۆگاكراوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو یەكەمجارە ئەو زانیاریانە بدركێنردێت، كە تێیدا شوێنی كۆگاكردنی ئەو جۆرە یۆرانیۆمە پیتێنراوە لە ناو دامەزراوەیەكی ژێر زەویدا دەستنیشان بكرێت، ئەو پەرەسەندنەش نیگەرانییە نێودەوڵەتییەكان بەرانبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و ئەگەری بەكارهێنانی بۆ مەبەستی جەنگ بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، دەروازەی ئەو تونێلەی یۆرانیۆمە كۆگاكراوەكەی تێدایە، لە كاتی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ڕابردوودا كراوەتە ئامانج، بەڵام بەڵگەكان وای نیشان دەدەن خودی دامەزراوەكە زیانی گەورەی بەرنەكەوتووە.
هاوكات، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جەختی كردووەتەوە، ڕێگریكردنی ئێران لە گەیشتنی تیمەكانی چاودێری بە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئەسفەهان، كە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بۆ یەكەمجار بوونی ڕاگەیەندراوە، بووەتە مایەی نیگەرانیی قووڵی دامەزراوەكە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە