1 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەردەوامە و کوژرانى فەرماندە باڵاکان ڕەتدەکرێتەوە
پەیام
هێرشە هاوبەشەكەی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی بۆسەر ئێران بەردەوامی هەیە كوژرانی چەند هاووڵاتییەكی ئێرانی و سەلامەتی فەرماندە سەربازییەكانیش ڕاگەیەنرا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، وەزیری بەرگریی قەوارەی زایۆنی ڕایگەیاند وەك ڕێگرییەك بۆ هێرشی ئەگەری ئێران، قەوارەكەی دەستی كردووە بە ئەنجامدانی "هێرشی دووەم" بۆ سەر ئێران، دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هاوبەشی لە هێرشەكە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد، كە هێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێكردووە. باسیش لەوە دەكرێت، كە هێرشەكە چەند ڕۆژێك دەخایەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە هەر یەك لە ئێران و ئەمریكا لە وڵاتانی سێیەم سەرقاڵی دانوستانی چڕ بوون لەسەر دۆسیە ناكۆكەكان.
لەگەڵ دەستپێكردنی هیرشەكە میدیاكانی ناوخۆی ئێران ئاشكرایانكرد، كە چەندین تەقینەوە لە ناوەندی تاران ڕوویانداوە و چەند مووشەكێك بەر شەقامی زانكۆ و ناوچەی جومهورییەت كەوتوون، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەكانیشدا ناوچە جیاوازەكانی تاران و كرماشان و ئیلام و هورمزگان و بوشەهر و چەندین ناوچەی دیكە بەئامانج گیرا.
زانیاریەكان باس لەوە دەكەن لە هێرشەكاندا كۆشكی كۆماری و كۆمەڵگەی ڕێبەری باڵا بە ئامانج گیراون، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە خامنەیی لە تاران نەماوە و بۆ شوێنێكی پارێزراو گواستراوەتەوە، هەروەها یەكێك لە جێگرەكانیشی هەواڵی كوژرانی سەرۆككۆماری ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند كە لە سەلامەتی تەواودایە، هەروەها سوپای ئێرانیش ڕایگەیاند كە تەواوی فەرمامدە باڵاكانی سوپا لە سەلامەتی تەواوەتیدان.
كەمێك لەمەوبەریش جێگری پارێزگاری هورموزگان ڕایگەیاند كە بەهۆی هێرشەكانەوە، لە شارۆچكەی میناب قوتابخانەیكی كچان ڕاستەوخۆ بە ئامانج گیراوە و تا ئێستا پێنج لە قوتابیانی كوژراون.
میدیا زایۆنییەكان لە زاری سەرچاوەكانییانەوە بڵاویان كردەوە كە دەیان پێگەی حكومی لە ناوخۆی ئێران كراونەتە ئامانج و هێرشەكەیش چەندین مانگە پلانی بۆ دادەڕێژرێت، و ڕۆیتەرزیش باسی لەوە كرد كە چەند وەزارەتێك لە باشووری تاران بە ئامانج گیراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە