1 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردومانیان دەستپێکرد و ئێرانیش دەستى بە وەڵامدانەوە کردووە
پەیام
قەوارەی زایۆنی و ئەمریكا هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێكرد و تەقینەوەی بەهێز تارانی هەژاند، ئێرانیش ژمارەیەک مووشەکى ئاڕاستەى ئیسرائیل کرد.
وەزیری بەرگریی قەوارەی زایۆنی ڕایگەیاند، وەك ڕێگرییەك بۆ هێرشی ئەگەری ئێران، قەوارەكەی دەستی كردووە بە ئەنجامدانی "هێرشی دووەم" بۆ سەر ئێران، دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەرپرسیارێتی لە هێرشەكە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە هێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێكردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە هەریەك لە ئێران و ئەمریكا لە وڵاتانی سێیەم سەرقاڵی دانوستانی چڕ بوون لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەكەی تاران و هەردوو لایەنیش باسیان لە بەرەوپێچوونی دانوستانەكان دەكرد.
میدیاكانی ناوخۆی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە سێ تەقینەوەی بەهێز لە ناوەندی تاران ڕوویان داوە و چەند مووشەكێك بەر شەقامی زانكۆ و ناوچەی جومهورییەت كەوتوون، دەنگی تەقینەوەی نوێیش لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی تاران دەبیسترێت و دووكەڵ لە ئاسمانی پایتەخت بەرز بووەتەوە.
میدیا زایۆنییەكان لە زاری سەرچاوەكانییانەوە بڵاویان كردەوە كە دەیان پێگەی حكومی لە ناوخۆی ئێران كراونەتە ئامانج، ئەوەیش خرایە ڕوو كە ئەمە هێرشێكی هاوبەشی قەوارەی زایۆنی و ئەمریكایە و ماوەی چەندین مانگە پلانی بۆ دادەڕێژرێت.
بەپرسێكی ئەمریكییش لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی جەزیرەی قەتەری هەمان بۆچوونی پشتڕاست كردەوە كە هێرشەكە هاوبەشە.
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە بەرپرسێكی ئێرانیەوە گواستیویەتییەوە كە چەند وەزارەتێك لە باشووری تاران بە ئامانج گیراون.
ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: ئێران ئامادەی وەڵامدانەوەیە و وەڵامەكەیشی توند دەبێت.
هاوكات لەگەڵ هیرشە سەربازییەكاندا هیرشی ئەلیكترۆنیش بۆسەر پێگە میدیاییەكانی ئێران ئەنجامدراوە و ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی كردووەتەوە كە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئێرنا) و ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران، (ئێسنا) و چەند پێگەیكی دیكەی هەواڵی، هاك كراون و هەواڵی ناڕاستیان تێدا بڵاو كراوەتەوە و داوای لە خەڵكی كرد زانیاری لە ناوەندە فەرمییەكانەوە وەربگرن.
لە بەرانبەردا، حكومەتی قەوارەی زایۆنی بڕیاری داخستنی قوتابخانەكان، قەدەغەكردنی گردبوونەوەی گشتی و كاركردنی لە ماڵەوەی بۆ دانیشتووانەكەی دەركرد، هاوكات زەنگی مەترسی لە هەموو ناوچەكانی چالاك كراوە.
وەزیری گواستنەوەی قەوارەكەش ڕایگەیاند: گەیشتن بە هەموو فڕۆكەخانەكان تا كاتێكی نادیار قەدەغەیە و كایەی ئاسمانی بە تەواوی داخراوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەڕانەوەی ئەو فڕۆكە مەدەنییانەی بەرەو ئەوێ دەچوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە