2 کاتژمێر پێش ئێستا
53 جار خوێنراوەتەوە
بۆ ڕاگرتنی جهنگ؛ تاران داوای قەرەبووی شەڕ و داخستنی بنکە سەربازییەکان دەکات
پەیام
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، نوێنەرانی ئێران بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیان ڕاگەیاندووە کە تاران سەقفێکی بەرزی بۆ مەرجەکانی داناوە پێش گەڕانەوە بۆ هەر مێزێکی گفتوگۆ. مەرجەکان تەنها لایەنی سیاسی ناگرنەوە، بەڵکو داوای داخستنی تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و پێدانی قەرەبووی دارایی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەکەن کە لە کاتی شەڕدا کراونەتە سەر خاکی ئێران.
ڕۆژنامەکە بڵاوی کردوەتەوە، لە ڕەهەندێکی دیکەی مەرجەکاندا، تاران داوای چەسپاندنی ڕێکار و ڕێکخستنی نوێ لە گەرووی هورمز دەکات، بە جۆرێک ڕێگەی پێ بدات باج و ڕسومات بخاتە سەر ئەو کەشتیانەی بەو گەرووەدا تێدەپەڕن. هاوکات داوای گەرەنتی دەکات بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی جەنگ و ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هەڵگرتنی تەواوی سزاکان و هێشتنەوەی بەرنامە موشەکییەکەی وەک هێڵی سوور کە گفتوگۆی لەسەر نەکرێت.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو داواکارییانەی تارانی بە "ناواقیعی و پێکەنیناوی" وەسف کردووە و پێیوایە ئەم ئاستە بەرزەی مەرجەکان، گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ زۆر قورستر دەکات لەوەی پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە هەبوو. ئەم بنبەستە سیاسییە لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فشارەکانەوە تاران ناچاری سازش بکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە جارێکی دیکە ناچنە ناو تەڵەی بەڵێنە بێکردارەکانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە