2 کاتژمێر پێش ئێستا
285 جار خوێنراوەتەوە
ماڵی نێچیرڤان بارزانی بەئامانج گیرا و سودانى لیژنەی لەسەر پێكدەهێنێت
پەیام
ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك بەئامانج گیرا و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێك دەهێنێت.
لە میانی ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆدا جارێكی دیكە هەولێر و دهۆك بۆردومان كرانەوە، وێڕای ئەوەی كە تا ئێستا لایەنی فەرمی هەرێمی كوردستان هیچ زانیارییەكی بڵاو نەكردووەتەوە بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە هێرشە درۆنییەكەی سەر دهۆك ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە.
لەو چوارچێویەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكیوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە كە محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم ئەنجام داوە و تێیدا بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەكەی كرد و بە "دڕندانە" ناوی برد.
هاوكات سەرۆكوەزیران فەرمانی دا بە پێكهێنانی تیمێكی ئەمنی و تەكنیكی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕەهەندەكانی ڕووداوەكە و دەستنیشانكردنی تاوانباران بۆ ڕادەستكردنیان بە دادگا.
ئەمە و ئەمڕۆ شەممە، شارەكانی هەولێر و دهۆك لە كاتەكانی نزیك لە نیوەڕۆ ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بەرپەرچی هێرشەكان دراوەتەوە و هیچ زیانێكی گیانییان لێنەكەوتووەتەوە، تا ئەم ساتەیش كە هەواڵەكەی تێدا نووسراوە هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی بەرپرسیارێتی لە هیرشەكانی ئەمڕۆ ڕانەگەیاندووە و لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانیش هیچ زانیارییەكیان بڵاو نەكردووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە