2 کاتژمێر پێش ئێستا
57 جار خوێنراوەتەوە
سیپان حەمۆ: گرەوی هەندێك كەس لەسەر ئەمریكا و ئیسرائیل هەڵە بوو
پەیام
سیپان حەمۆ سەركردەی سەربازی و سیاسیی دیاری كورد لە ڕۆژاوای كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری "ئەلمەجەلە" كە لە بەریتانیا دەردەچێت، ڕایگەیاند، گرەوی هەندێك كەس لەسەر ئەمریكا و ئیسرائیل هەڵە بوو.
لەو چاوپێکەوتنەیدا ئەو سەرکردە کوردە پەردەی لەسەر ژمارەیەك نهێنی لادا و باسی لە دۆخی كورد و پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی سووریا و پڕۆسەی تێكەڵبوون كرد.
سیپان حەمۆ، كە ئێستا جێگری وەزیری بەرگریی سووریایە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵات، ڕایگەیاند: هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە كۆتایی 2024دا هەڵسەنگاندنی هەڵەیان بۆ دۆخەكە كرد، ئەحمەد شەرعیش سەركەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی سووریا لە ئاگری جەنگ.
وتیشی: دوای ساڵانێك لە پەراوێزخستن چوونە نێو دڵی دەوڵەتی سووریا لەلایەن كوردەوە لەمڕۆدا، گۆڕانكارییەكی مێژووییە لە سووریادا. هەروەها وتیشی: شەڕ و پێكدادانەكانی سەرەتای ساڵی 2026 لەگەڵ سوپای سوریا، هیچ پێویست نەبوون.
حەمۆ ڕایشیگەیاند: ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی سووریا كە بووە هۆی تێكەڵكردنی كرداریی (هەسەدە)، بووە هۆی نیگەرانیی هەندێك لایەن، لە نێویشیاندا ژمارەیەك لایەن لەنێو شەقامی كوردیدا كە لە سروشتی ئەم هەنگاوە تێنەگەیشتبوون.
ئەو كە پێشتر فەرماندەی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بوو، وتیشی: هەندێك لایەن سەردانەكەی نورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەكە و مەحموود خەلیل سەركردەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بۆ دیمەشق بە جلی كوردییەوە و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆككۆمار بە ئاسایی دەزانی، بەڵام ئەو سەردانە ڕووداوێكی مێژوویی بوو بۆ كورد لە سووریا.
حەمۆ بە گۆڤارەكەشی وت: ڕووداوەكانی ساڵانی ڕابردوو لە سووریا و ئەو شەڕ و پێكدادان و گرژییە ناوخۆییانەی كە لەگەڵیدا بوون، درزێكی قووڵیان لە نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی سووریادا دروستكردووە.
جەختى لەوەشکردەوە، گرەوی هەندێك كەس لەسەر ئەمریكا و ئیسرائیل هەڵە بوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە