6 کاتژمێر پێش ئێستا
131 جار خوێنراوەتەوە
ئێران ڕەخنە لە بێدەنگی بەرانبەر هێرشكردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر دەگرێت
پەیام
لە بەرانبەر بێدەنگییان بۆردومانكردنی وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لەلایەن ئەمریكا و قەوارەی زایۆنییەوە، تاران ڕەخنە لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرێت و زەنگی مەترسییەكی گەورەی ئەتۆمی لێ دەدات.
دوای ئەوەی دوێنێ بۆ چوارەمین جار وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە ئێران بۆردومان كرا. ئەمڕۆ ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا، ناڕەزایەتیی توندی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند: ئایا تەنیا دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەسە كاتێك دامەزراوەیەكی ئەتۆمیی ئاشتییانە دەكرێتە ئامانج؟
ڕێكخراوەكە ئەو جۆرە هێرشانەی بە تاوانی جەنگ ناو برد و هۆشداریی دا كە كەمكردنەوەی مەترسییەكان و هەڵوێستی بێدەنگی، تەنیا هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی لایەنی شەڕانگێز زیاتر پەنا بۆ ئەو كارانە ببات.
هاوكات، عەباس عەڕاقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەكی بەپەلەی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و ڕایگەیاند، بۆردومانكردنی بەردەوامی نزیك وێستگەی بووشەهر، مەترسیی دزەكردنی تیشكی لێ دەكرێت كە تەواوی ناوچەكە دەگرێتەوە.
عەراقچی ڕاشیگەیاندووە: ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی وزەی ئەتۆم هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ ڕێگری لەو دەستدرێژییانە كە لە (28)ی شوباتی ڕابردووەوە لەلایەن واشنتۆن و قەوارەی داگیركەرەوە دەستیان پێ كردووە، تەنانەت ئامادەش نین بە فەرمی سەركۆنەی ئەو كارانە بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە