2 کاتژمێر پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
شارهزایانی ئابووری: بازاڕهكانی جیهان بهرگهری بهرزبوونهوهی نرخی نهوت بۆ 130 دۆلار ناگرن
بەپێى لێکدانەوەى شارەزایانى وزە گەیشتنی نرخی نەوت بە ١٣٠ دۆلار، ئابووریی جیهان تووشی قەیرانێکی کوشندە دەکات و دەبێتە هۆی هەڵاوسانی بێپێشینە و پەککەوتنی گەشەی وڵاتان، کە دواجار چەندین دەرئەنجامى کارەساتباری لەسەر ئابووری و بازاڕى جیهان دەبێت.
نرخی نەوت پێش دەستپێکی جەنگی سەر ئێران لە نرخێکی کەمدا بوو، بەڵام دواى دەستپێکردنی جەنگ و فراوانبوونی بۆ وڵاتانی ناوچەکەدا و هەروەها داخستنی گەرووی هورمز نرخی نەوت بەرز بوەوە بۆ ١٠٠ دۆلار و هێشتا مەترسییەکانى بەرزبوونەوەى نرخی نەوت بەرۆکى بازاڕەکانى جیهانى بەر نەداوە و لەگەڵ ئەوەشدا لێکەوتەکانى بە وڵاتانی جیهاندا بڵاو بوەتەوە.
بەپێى خوێندنەوەى شارەزای بواری نەوت و وزە بازاڕەکانی جیهان تەنیا تا سەقفی ١٣٠ دۆلار بەرگەی بەرزبوونەوەى نرخی نەوت دەگرن؛ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی پیشەسازی، زیادبوونی بێکاری و دواجار سستییەکی گشتگیر لە ئابووریی جیهاندا کە ئەوەش لێکەوتەى مەترسیدارى دەبێت.
شارەزایانى بوارى نەوت و بازاڕەکان جەخت دەکەنەوە کە نیشانەکانی ئەم دۆخە لە ئێستاوە دەرکەوتوون، بە جۆرێک بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و بانکەکانی ئەورووپا هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی سوودیان ڕاگرتووە، بەڵام کێشەی سەرەکیی ئێستا تەنیا کێشەی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو مەترسییەکانی سەر ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەتایبەت گەرووی هورمز، گواستنەوەی نەوتیان پەکخستووە و ئەوەش وەک مەترسییەکی جیددی بۆسەر نرخی نەوت دەبینرێت.
بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخی نەوت، ئۆپێک پڵەس هەفتەى ڕابردوو بڕیاریدا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان بەڵام زۆرینەى ئابووریناسان و شارەزایانى بوارى بازاڕى نەوت پێیان وایە زیادکردنى بەرهەم ناتوانێت ئەو کورتهێنانە گەورەیە پڕ بکاتەوە کە لە بازاڕەکاندا دروست بووە، چونکە کورتهێنان زۆر زیاترە لەو بڕەى کە ئۆپیک پڵەس زیادی دەکات.
لە بەرانبەر ئەم ئاڵنگارییانەدا، وڵاتانی کەنداو پەنایان بۆ جێگرەوەی ستراتیژی بردووە، لەوانە فراوانکردنی هێڵە بۆرییەکان وەک پڕۆژەی گواستنەوەی نەوتی بەسڕە بۆ عەقەبە و پاشان بۆ دەریای سپیی ناوەڕاست، لەگەڵ بەهێزکردنی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسن بۆ دەربازبوون لە گەرووە مەترسیدارەکان، بەڵام ئەم ڕێکارانەش لە دوور مەودادا کاریگەرییان دەبێت نەک لە ئایندەیەکی نزیکدا.
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایان ئاماژە بە مەترسییەکی تەکنیکی دەکەن؛ داخرانی ڕێڕەوەکان و ڕاگرتنی بیرە نەوتەکانە بۆ ماوەیەکی درێژ، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ژێرخانی کێڵگە کۆنەکان و کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە