2 کاتژمێر پێش ئێستا
114 جار خوێنراوەتەوە
بە بەشداریی ١٠٠ فڕۆکە و ١٥ هەزار سەرباز؛ ئەمریکا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە هورمز ئەنجام دەدات
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمریکا بە بەشداریی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و ١٥ هەزار سەرباز ئۆپراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ ڕزگارکردنی کەشتییە گیراوەکانی گەرووی هورمز دەستپێکرد، هاوکات ئێرانیش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزە بیانییەکان له گهرووی هورمز دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشاڵ"ەوە ڕایگەیاند، واشنتن دەست دەکات بە هاوکارییکردنی ئەو کەشتی و تیمانەی بەهۆی جەنگەوە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە و بەدەست کەمیی خۆراک و پێداویستییەوە دەناڵێنن. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش ئاشکرای کرد کە هێزێکی گەورە پشتبەستوو بە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و ١٥ هەزار کارمەندی سەربازی ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو ئۆپراسیۆنەیان پێسپێردراوە.
لە بەرانبەردا، تاران لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی بارەگای "خاتم الأنبياء"ەوە هۆشداریی توندی دایە واشنتن و ڕایگەیاند، هێزەکانیان سەرپەرشتیی ئاسایشی گەرووی هورمز دەکەن و هەر هێزێکی بیانی، بەتایبەت سوپای ئەمریکا، ئەگەر لە ناوچەکە نزیک بێتەوە، دەکرێتە ئامانج.
ئێران جەختی کردەوە کە پێویستە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان، بەبێ هەماهەنگی لە گەرووەکە تێنەپەڕن.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە واشنتن سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەی و تاران هەر هەنگاوێکی سەربازیی ئەمریکا بە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کەشتیوانی ناو دەبات. ئاماژە بەوەش کراوە کە بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی کۆشکی سپی، ئۆپراسیۆنەکە لە بەیانیی ئەمڕۆوە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە