2 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
خانەوادەى سەردەشت عوسمان: دۆسیەکەمان بە "سیناریۆى ڕیسوا" داناخرێت
پەیام
١٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە شاری هەولێر تێدەپەڕێت و، خێزانەکەی جەخت لە کراوەیی دۆسیەکە دەکەنەوە و داوای دادگاییکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و فەرماندەرانی تاوانەکە لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا دەکەن، هەروەها دەشڵێن کەیسەکە بە سیناریۆى ڕیسوا داناخرێت.
لە ١٦هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا، خانەوادەی ئەو ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە ڕای دەگەیەنن کە هەموو ئەو بانگەشانەی دەسەڵات بۆ شەرعییەت و سەروەریی یاسا دەیکات، تا ئەو کاتەی نەتوانێت دادپەروەری جێبەجێ بکات و تاوانباران ڕووبەڕووی سزا بکاتەوە، تەنها وشەی بێبنەمان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بنەماڵەی سەردەشت عوسماندا هاتووە، دۆسیەی تیرۆرکردنی کوڕەکەیان بە سیناریۆی ڕیسوا دانەخراوە و بە کراوەیی دەمێنێتەوە. ئەوان پێداگری دەکەن کە دەبێت بکوژانی ڕاستەقینە و ئەو کەسانەی فەرمانی تیرۆرەکەیان دەرکردووە، لەگەڵ ئەو لایەنانەی هەوڵی پەردەپۆشکردنی دۆسیەکەیان داوە، لە دادگایەکی بێلایەن و دوور لە سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبی سزا بدرێن.
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تیرۆر نەیتوانی وشە بێدەنگ بکات، بەڵکو سەردەشت و قوربانیانی تری ڕێگەی ئازادی بوونەتە ناسنامەی ئازادیخوازی لە کوردستان. خانەوادەکەی دووپاتی دەکەنەوە کە ڕاوەستانیان لەسەر ئەم دۆسیەیە، تەنها داواکارییەکی شەخسی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کوردی و هاوڵاتیانی کوردستان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە