2 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: کەشتییەکان دەبێت بۆ تێپەڕبوونیان بە هورمزدا هەماهەنگی بکەن
پەیام
بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێرانی هۆشداری دەداتە هێزە بیانییەکان و ئەمریکا لە نزیکبوونەوە لە گەرووی هورمز و جەخت دەکاتەوە، کە هەر جموجۆڵێکی سەربازی و بازرگانی لە ناوچەکەدا دەبێت بە هەماهەنگیی تەواوی ئەوان بێت.
فەرماندەیی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان بە تەواوی چاودێری ئاسایشی گەرووی هورمز دەکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە، تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، پێویستی بە هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ ئەوان هەیە.
لە پەیامێکی تونددا هۆشداری دراوەتە هێزە بیانییەکان، بەتایبەتی سوپای ئەمریکا، کە لە ئەگەری هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لە گەرووی هورمز، ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆ دەبنەوە. هەروەها داوا لە کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرەکانی نەوت کراوە بۆ پاراستنی سەلامەتییان، بەبێ هەماهەنگی تێنەپەڕن.
بارەگای خاتەمولئەنبیا دووپاتی کردووەتەوە کە بە هەموو هێزیانەوە پارێزگاری لە ئاسایشی گەرووی هورمز دەکەن و هەر جۆرە کارێکی شەڕانگێزانە لەلایەن ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە و خستنە مەترسیی ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە