2 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
عەلی عەلاق: مووچەی فەرمانبەران هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت
پەیام
پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران، كە بانكەكەیان خاوەنی یەدەگێكی بەهێزە و دابینكردنی مووچەكانیان هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، ڕایگەیاند پڕۆسەی دابینكردنی دۆلار بۆ حەواڵە دەرەكییەكان بێ وەستان بەردەوامە و بانكی ناوەندی توانیویەتی فرۆشتنی دراو لە ڕێڕەوە فەرمییەكاندا و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان ڕێك بخاتەوە.
ناوبراو جەختی كردەوە، مووچەی فەرمانبەران نەوەستاوە و لە داهاتووشدا ڕاناوەستێت، چونكە بانكی ناوەندی و حكومەت هەماهەنگیی تەواویان هەیە؛ ئاماژەی بەوەش كرد، قەبارەی ڕاكێشانی دۆلاری نەختینەییان لە 14 ملیارەوە بۆ 4 ملیار دۆلار كەمی كردووەتەوە و تەنیا بۆ گەشتیاران تەرخانكراوە تاكو ڕێگری لە هەر جۆرە سەرپێچییەك بكرێت.
پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاشكرای كرد، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو، پرسی سەرچاوە داراییەكان و كورتهێنانی بودجە و ئاستەنگەكانی هەناردەكردنی نەوتیان تاوتوێ كردووە و دەتوانن لە ڕێگەی كڕین و فرۆشتنی سەنەدات لە چوارچێوەی سنوورە ڕێپێدراوەكاندا پاڵپشتیی دارایی دەوڵەت بكەن، جەختیشی كردەوە، بانكەكەیان توانیویەتی سەرچاوەی دارایی بەهێز و یەدەگی پێویست پێكبهێنێت كە توانای پاراستنی ئابووریی وڵاتیان هەبێت لە بەرانبەر هەر ناسەقامگیرەكی ناوخۆیی یان دەرەكی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە