1 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
چین.. بەهۆی بوومەلەرزەیەكەوە 16 كەس گیانیانلەدەستدا و 65ی دیكەش برینداربوون
پەیام
بەهۆی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە چین لانیكەم 16 كەس گیانیان لەدەست دا و دەیانی دیكەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی شینخوای فەرمیی چین، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لەسەر زاری بەرپرسانی ناوخۆییەوە بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی حەوت پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچەیەكی دوورەدەستی تبتی هەژاندووە، لە ئەنجامدا 16 كەس گیانیان لەدەستداوە و 65 كەسی دیكەش بریندار بوون.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی كە ئێوارەی پێنجشەممە ڕوویداوە، زیاتر لە 300 خانوو بە تەواوی داڕماون، بەرپرسانی ناوچەكە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەكانن و هەوڵەكانی فریاگوزاری و ڕزگاركردنیش بەردەوامن.
ناوەندی بوومەلەرزەكە لە دووریی نزیكەی 190 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ناگچۆ و 390 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی لاسای پایتەختی هەرێمەكە بووە، هەروەها لە قووڵاییەكی كەمی زەوی كە تەنیا 10 كیلۆمەتر بووە، ڕووی داوە.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی بوومەلەرزەی چین باری لەناكاوی لە ئاستی دووەمدا ڕاگەیاندووە.
چین وڵاتێكە زۆرجار بوومەلەرزە لێی دەدات، لە كانوونی دووەمی 2025یش لانیكەم 126 كەس بەهۆی بوومەلەرزەیەك لە كەرتی تینگری لە تبت گیانیان لەدەستدابوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە