1 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
كەشتییەكی تووشبوو بە ڤایرۆسی هانتا دەگاتە كەناراوەكانی ئیسپانیا
پەیام
كەشتییە گەشتیارییەكەی "ئێمڤی هۆندیۆس" كە ڤایرۆسی "هانتا"ی تێدا بڵاو بووەتەوە و سێ كەس تێیدا گیانیان لەدەست داوە، بەرەو كەناراوەكانی ئیسپانیا بەڕێ كەوتووە و ئەو وڵاتەیش ئامادەیی بۆ پیشوازی لێیان ڕاگەیاند.
بڕیارە لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا كەشتیی گەشتیاریی "ئێمڤی هۆندیۆس" بگاتە دوورگەی تێنێریفی ئیسپانیا، دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كوشندەی "هانتا"وە لەناو كەشتییەكەدا، سێ كەس گیانیان لەدەستدا و ترس و دڵەڕاوكێی نێودەوڵەتی دروست كرد.
وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی گواستنەوە و دابەزاندنی سەرنشینەكان لە 11ی ئایارەوە بە شێوەیەكی فەرمی دەست پێدەكات.
لای خۆیەوە مۆنیكا گارسیا، وەزیری تەندروستی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە كرد، ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازیكردن لە كەشتییەكە و چارەسەركردنی نەخۆشەكان لە ژێر چاودێرییەكی توندی پزیشكیدا تا ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە بگرن.
هەرچەندە مەترسییەكە هەیە، بەڵام ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی جەخت دەكاتەوە، كە ئەم دۆخە هاوشێوەی كۆرۆنا نییە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی لە ئاستێكی نزمدا دەمێنێتەوە.
تا ئێستا تیمی فریاگوزاری سێ كەسیان لە كەشتییەكە گواستووەتەوە كە دووانیان ئەندامی تیمەكەن، و لە ڕێگەی فڕۆكەی تایبەتەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی ئەمستەردام و دۆسڵدۆرف كراون.
ئەمە و كەشتیەكە لە یەكی نیسانەوە بەڕێكەوتووە و ئێستا سەرنشینانی كەشتییەكە دەڵێن، گەشتە نموونەییەكەیان گۆڕاوە بۆ پشێوی، چونكە سەرەتا كاپتنی كەشتییەكە مردنی یەكەم سەرنشینی وەك "مردنێكی سروشتی" ناساندووە و مەترسییەكانیان بە هەند وەرنەگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە