1 کاتژمێر پێش ئێستا
148 جار خوێنراوەتەوە
قەرزە نێوخۆییەكانی عێراق 96 ترلیۆن دینارە و دەرەكییەكانیش زۆرێکیان دراونەتەوە
پەیام
بە پێی نوێترین زانیارییەكان "كۆی قەرزە نێوخۆییەكانی عێراق زیاتر لە 96 ترلیۆن دینارە" و "بەشێكی بەرچاویش لە قەرزە دەرەكییەكان دراونەتەوە".
ئەو زانیارییانە لە ڕاپۆرتێكی فەرمانگەی قەرزی گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی هاتووە و تێیدا بە ژمارەی نوێ ئاماژەی بەوە كردووە كە كۆی قەرزكردنی نێوخۆیی كە لە ماوەی ساڵی 2023 تا 30ی نیسانی 2026 گەیشتووەتە 46 ترلیۆن و 35 ملیار دینار، كە حەوت ترلیۆن و 590 ملیاری لە ساڵی 2023 بووە و لە 2024یشدا بۆ 17 ترلیۆن و 105 ملیار دینار بەرز بووەتەوە، لە 2025یش 10 ترلیۆن و 840 ملیار قەرزی نێوخۆیی كراوە و لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا 10 ترلیۆن و 500 ملیار دیناری تۆمار كردووە.
سەرەڕای قەرزە نوێیەكان، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ سەركەوتوو بووە لە دانەوەی بڕی 19 ترلیۆن و 910 ملیار دینار، تاكو پاشماوەی كۆی قەرزی ناوخۆیی لەسەر 96 ترلیۆن و 629 ملیار دینار جێگیر بێت.
بە پێی زانیارییەكان، پاشماوەی قەرزی ناوخۆیی بەهۆی قەرزە كەڵەكەبووەكانی حكومەتەكانی پێشوو (2004 - 2022) بڕی 70 ترلیۆن و 505 ملیار دیناری تۆمار كردبوو.
لە دۆسیەی قەرزە دەرەكییەكاندا، ئێستا 10 ملیار و 76 ملیۆن دۆلارە و وەزارەتی دارایی لە نێوان 2023 و نیسانی 2026دا توانیویەتی دوو ملیار و 166 ملیۆنی بداتەوە.
قەزرە كۆنەكانیش كە ساڵی 2003 و پێشتر كە قەرزی وڵاتانی یانەی پاریس و دەرەوەی یانەكەش دەگرێتەوە، دوو ملیار و 963 ملیۆن دۆلاری ماوەتەوە و لەكاتێكدا پێشتر و بۆ ماوەی (2016 تا 2022) 12 ملیار و 926 ملیۆن دۆلار بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە