1 کاتژمێر پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
حـ.ەمـ.اس: لەگەڵ نێوەنگیرەكان لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە پەیوەندیداین
پەیام
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی ڕایگەیاند: لەگەڵ نێوەندگیرەكان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ڕێككەوتنی غەززە لە پەیوەندیی بەردەوامداین.
حازم قاسم وتەبێژی بزووتنەوەی بەرەنگاریی ئیسلامیی فەڵەستین (حەماس) ڕایگەیاند: حەماس لەگەڵ نێوەندگیرەكان، بە تایبەت میسر، سەبارەت بە چوارچێوەی گشتی قۆناغی دووەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ قەوارەی زایۆنی لە پەیوەندی بەردەوامدایە.
حازم قاسم مەرجی قەوارەی زایۆنی بۆ داماڵینی چەك بەر لە جێبەجێكردنی بابەتەكانی دیكە بە "پێشێلكردنی پلانەكەی سەرۆكی ئەمریكا" ناوزەد كرد و ڕایشیگەیاند: قەوارەی زایۆنی بەر لەوەی بچێتە نێو بابەتەكانی دیكەی ڕێككەوتنەكە، بەردەوام و بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەك بدات پرسی چەكی لایەنەكان دەوروژێنێت.
حازم قاسم جەختیشی كردەوە لەوەی كە "قەوارەی زایۆنی بە باسكردنی بەردەوامی پرسی چەك ئامانجیەتی ڕێككەوتنی ئاگربەستەكە تێك بدات"، لەكاتێكدا بە پێی ڕێككەوتنەكە پێویستە قۆناغی یەكەم جێبەجێ بكرێت، دواتر گفتوگۆ سەبارەت بە قۆناغی دووەم دەست پێ بكات.
قۆناغی دووەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست خۆی لە كشانەوەی بەرفراوانتری سوپای زایۆنی لە كەرتی غەززە، هەروەها سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوە و لە بەرانبەریشدا داماڵینی چەك لە لایەنە فەڵەستینییەكان دەبینێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە